Accessibility links

ڕێڤینگ هرۆری: هەندێك هەنگاوی تری شاراوە لە پشت ئەو لەشكرەی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە


ڕێڤینگ هرۆری، فۆتۆی ئەحمەد زێباری
ڕێڤینگ هرۆری، فۆتۆی ئەحمەد زێباری

توركیا بە فڕۆكەی جەنگی هێرشی كردە سەر چیای زناری كێستەی سەر بە قەزای ئامێدی، ناوچەكە رووبەرێكی بەرفراوانی هەیە و لە چەندین گوند پیكهاتووە دوای هێرشەكەش توركیا سەربازەكانیشی لەو ناوچانەدا بڵاوكردەوە و تۆپبارانی ناوچەكەشی كردووە لە كاتێكدا كە خەڵكێكی زۆر نیشتەجێی ئەو ناوچانەن بەو هۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بەرۆكی خەڵكەكە دەگرێت و بەشێكیان ناوچەكە چۆڵ دەكەن.

سەبارەت بە هێرشەكاتی توركیا و بەزاندنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و هەڵویستی پەرلەمان و كۆمەڵێك پرسی تر لەوبارەیەوە لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ڕێڤینگ هرۆری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت " ئەو ڕۆژە منیش لە گوند بووم لەگەڵ بانگی ئیفتاردا چەند تۆپێك ئاڕاستەی پشتەوەی گوندی هرۆر و كێستە و چەلكێ كران دواتر فڕۆكەی شەڕكەر هاتن و بۆردومانی ئەو دەڤەرەیان كرد بە تایبەت زناری كێستە و بە شەویش هەلیكۆپتەر هاتن و زۆر بە نزمی لەسەر ئەو گوندانە دەفڕین زانیمان كە ئەوانە لە ڕێگەی فڕۆكەوە لە هەندێك ناوچە سەرباز دادەنێن و لە زەویش بە پیادە دەهاتن ئەو شەڕ و پێكدادانانە لە ئاسمان بەردەوام بوون و ترسێكی گەورەیان خستە دڵی خەڵكی ئەو گوندانە، تۆپەكان هەندێكیان بەر گوندی هرۆر و كێستە كەوتوون بەڵام زیانی گیانی نەبووە".

پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو شەڕ و پێكدادان و سنور بەزاندنانە هیچ دانیشتنێكی دەبێت و بەرنامەی ئێوە لە پەرلەمان چییە ؟

هرۆری دەڵێت" پێش ئێستا دانیشتن كراون و ساڵی ڕابردووش كاتێك دیسان هێرشیان كرد و چەند ناوچەیەكیان گرت لەوانە سیدەكان تا زاخۆ و خامتێر و سەر سنور چەند لیژنەیەك بۆ سەرتاسەری سنور پێكهاتن و بۆچوونی خۆمان بە پەرلەمانی كوردستان و حكومەت داوە و هەندێكیان گرێدراوی حكومەتی هەرێم بوون و گرنگترینیان گرێدراوی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو نەبووە چونكە بە سەدان گوند چۆڵكراون بەهۆی ئەو شەڕ و پێكدادانانە، دەبێت دانوستان لە نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق و حكومەتی توركیا و پەكەكەوە هەبێت چونكە توركیا هێزەكانی خۆیان دێنن و جێگەی مەترسیە و هەندیك هەنگاوی تری شاراوە لە پشت ئەو لەشكرەی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و توركیا لەوە زیاتری دەوێت كە هەندێك بارەگای پەكەكە لەناو ببات".

توركیا بە چەند كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ؟

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لەوانەیە ببنە پازدە كیلۆمەتر كە لەسەر زەوی هاتوون و نزیكبوونەتەوە لە گوندەكان و خەڵكی ئەو گوندانە بەچاوی خۆیان دەبینن و ئەو شوێنانەشی كە گرتویانە زۆر ستراتیژین تا چیای مەتینا كە لەمەوپاش دەكەونە ژێر ڕادار و دووربین و تۆپخانەكانیان، بەداخەوە حكومەتی عێراق وەكو حكومەتێكی خاوەن سیادە نەماوە و حكومەتی عێراق سیادەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە دەروازەی سنوری و داهاتەكەیدا دەبینێت بەهیچ شێوەیەك پاراستنی سنورەكان كە بەشێكە لە عێراق و وەزیفەی ئەوانە بە بەرپرسیارەتی خۆی نەزانیوە”.

ئایا هیچ بنكەیەكی هێزەكانی عێراقی لەو سنورانەدا دانراون ؟

ناوبراو لەوبارەیەوە دەڵێت" هەندێكیان هەن بەڵام زۆر كەمن، هەموومان جاری پێشوو هاوارمان دەكرد كە زناری كێستە و پشتەوەی هرۆر و دێشێشێ و تا خامتێر دەگیرێت ئەگەر پەنجا لەشكری عێراق یان پاسەوانی سنور لەو ناوچانە بوونایە هیچ بیانویەك بۆ توركیا نەدەما كە بێنە ئەو ناوچانە بەڵام بەداخەوە خەمساردی كرا".

هیچ هەوڵێكتان داوە لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ وەستاندنی ئەو شەڕ و پێكدادانانە و هەوڵەكانتان چی بوون ؟

ڕێڤینگ هرۆری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت " بەڵێ جاری پێشووش یاداشتمان بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوە و پێشنیارەكانی خۆیشمان خستووەتەڕوو و بۆ شوێنی پەیوەندیدار و پەرلەمانی عێراقیش ڕویشتووە داوامان كردووە بەڵام كەس بەدەم بانگەوازی ئێمەوە نەهاتووە".

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:13 0:00


XS
SM
MD
LG