Accessibility links

ئەرمینیاییەکان ئەردۆغان بە میراتگری عوسمانلییەکان دەزانن


ئەرمینیاییە ئەمەریکاییەکان پێشوازییەکی گەرم لە بڕیاری سەرۆک جۆو بایدن دەکەن بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمینیاییەکان بە ژینۆساید، بەڵام مەخابنی خۆیشیان دەردەبڕن و دەڵێن "سەرۆکی ئەمەریکا هیچ فشارێکی نەخستۆتە سەر تورکیا."

نزیکەی 400 کەس لە هاوڵاتیانی ئەمەریکایی بە ڕەگەز ئەرمینیایی لە یەکێک لە مەیدانەکانی واشنتۆنی پایتەختدا گردبووبوونەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمینیاییەکان بە دەستی تورکە عوسمانلییەکان. ئەو گردبوونەوەیەی ڕۆژی شەممەش هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک بایدن بۆ ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییەی ساڵی 1915 بە ژێنۆساید.

لە زۆر شوێنی تری ئەمەریکاشدا گردبوونەوەی هاوشێوە کراوە، بەڵام ئەرمینیاییەکان گلەییان هەیە و وەک دەڵێن "سەرۆک بایدن لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ناوی تورکیای نەهێناوە" بەڵام جەختیش دەکەنەوە لەوەی ڕاگەیاندنی ڕاشکاوانەی کۆشکی سپی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەرمینیاییەکان.

ئانوشاڤان تانیلیان، سەرۆکی کڵێسای ئەرمینیاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەڵێت "سوپاسگوزارین کە وڵاتەکەمان دەنگی بیسترا و پێویستە بۆ لەمەودوا هەر هەموومان هەنگاو بنێین بۆ ڕێگەگرتن لە کۆمەڵکوژی."

مهیر جانیان، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی ئەرمینیاییەکان لە ئەمەریکا دەڵێت "لەلایەک دانپێدانان هەیە بە کۆمەڵکوژی ئەرمینیاییەکاندا بەڵام لە هەمان کاتیشدا کەرەستە و کەلوپەلی لەشکریی بە تورکیا دەدرێت و یارییەکی دوو سەرە دەکرێت." وە دەشڵێت بەڵام ئەم بڕیارەی ئەمەریکا گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەرمینیاییەکان و دانانی پرەنسیپی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.

نزیکەی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار هاوڵاتی ئەرمینیایی کوژران لە ساڵی 1915وە تا ساڵی 1917 لە سەروەختی کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلییەکاندا. عوسمانلییەکان لە یەکەم شەڕی جیهانیدا دەیانگوت ئەرمینیاییەکان داوایانەتە پاڵ ڕوسیاییەکان.

ئەرمینیاییەکانی ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان هەیە، شوێنی لەدایکبوونیان، تورکیا و ئێران و ئەرمینیا و سوریا و لوبنان و تەنانەت ئەمەریکاشە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پاشخانێکی جیاوازیان هەیە بەڵام دەکرێت بگوترێت هەر هەموویان ئاشنان بە ڕووداوەکانی ساڵی 1915 و لە دەوری کۆبوونەتەوە.

زۆربەی هەرە زۆری ئەرمینیاییەکان هەر تەنها وەک نەیارێک ناڕواننە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بەڵکو وەک میراتگرێکی عوسمانلییەکانیش لێی دەڕوانن بەهۆی ئەو پشتیوانییەی لە وڵاتی ئازەربایجانی کرد لە قەیرانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ وڵاتی ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.

ئارام بۆین، هاوڵاتییەکی ئەرمینیایی ئەمەریکاییە دەڵێت "تەنها داوایەکی بچوکی لێبوردن" بەسە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا."

XS
SM
MD
LG