Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر بڕیارەکەی سەرۆک بایدن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان


سەرۆک وەزیری ئەرمەنستان نیکۆل پاشنیان لە نامەیەکدا ڕۆژی شەممە بە سەرۆک بایدنی ڕاگەیاند دانپیانان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان مەسەلەی ئاسایشیە بۆ ئەرمەنییەکان پاش شەڕێک شەڕەکەی ساڵی ڕابردووی ناگۆرنۆ کاراباخ.

بایدن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1915 و بەزۆر دەرکردنی ئەرمەنییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جینۆساید بوو.

پاشنیان لە نامە سوپاسگوزارییەکەیدا بۆ بایدن کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە دەڵێت " دانپیانان بەو جینۆسایدە، بابەتی ڕاستی، دادپەروەری مێژوویی و ئاسایشە بۆ کۆماری ئەرمەنستان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمەکەماندا روویاندا."

بەڵام ڕاگەیاندنەکەی بایدن ئازەربایجان و تورکیای نیگەران کردووە .

تورکیا لەم بارەیەوە ناڕەزایی دەربڕی و وەزیری درەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لە تویتێکدا ڕایگەیاند "وشەکان ناتوانن مێژوو بگۆڕن یان بنووسنەوە.

ئێمە هیچ شتێکمان نییە لەسەر ڕابردووی خۆمان لە خەڵکەوە بیزانین. هەلپەرستی لسیاسی گەورەترین خیانەتە لە ئاشتی و دادپەروەری.

ئێمە بە تەواوی ئەم لێدوانە ڕەت دەکەینەوە کە تەنها لەسەر بنەمای پۆپۆلیستیە."

ئازەربایجان دەڵێت بەیاننامەکەی بایدن " بەلاڕێدابردنی ئەو ڕووداوانەیە کە 100 ساڵ لەمەوبەر ڕوویانداوە."

وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان گوتی "بەلاڕێدا بردنی مێژوو، هەوڵدان بۆ دووبارە نوسینەوەی مێژوو و بەکارهێنانی فشاری سیاسی مایەی قبوڵکردن نییە."

ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئەو کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە فەرمی بە جینۆساید ناساند.

بایدن لە بەیاننامەکەی ڕۆژی شەممەیدا ڕایگەیاند " گەلی ئەمەریکا ڕێز لە هەموو ئەو ئەرمەنیانە دەگرێت کە لەو کۆمەڵکوژییەی 106 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەستیپێکرد، لەناوچوون."

لە ساڵیادی قڕکردنی ئەرمەنییەکاندا سەرۆک بایدن ڕایشیگەیاند " لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردووەوە کۆچبەرانی ئەرمەنی بەشێوەیەکی بێشومار ئەمەریکایان دەوڵەمەندکردووە، بەڵام هەرگیز ئەو مێژووە تراژیدیایەیان لەبیرنەچووە کە زۆرێک لەباوباپیرانیانی هێنایە کەنارەکانی ئێمە. ئێمە ڕێز لە چیرۆکەکەیان دەگرین. ئێمە ئەو ئازارە دەبینین. دان بەومێژووەدا دەنێین، ئێمە ئەم کارە دەکەین نەک بۆ ئەوەی کەس تاوانبار بکەین بەڵکو بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەوەی کە ڕووی دا هەریگیز ڕوونەداتەوە."

XS
SM
MD
LG