Accessibility links

5 پەرلەمانتاری عێراق بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کردووە و دۆخی تەندروستی 11 پەرلەمانتاریش ناجێگیرە


تا ئێستا 5 پەرلەمانتار و 3 فەرمانبەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییان کردووە، لە ئێستاشدا ژمارەی پەرلەمانتارە توشبووەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەیشتووەتە نزیکەی 50 پەرلەمانتار، کە دۆخی تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.

لەنێو ئەو 5 پەرلەمانتارەدا کە باڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد، تەنها پەرلەمانتارێکی کوردی فراکسیۆنی پارتی تێدابوو، ئەویش ئارام باڵەتەیی وتەبێژی فراکسیۆنەکەبوو، دوا پەرلەمانتاری عێراقیش کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد، عەدنان ئەسەدی سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسابوو.

ئیناس محەمەد بەرپرس لە بەشی کارگێڕی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەی پەرلەمانتارە توشبووەکان بەکۆرۆنا لە زیادبووندایە، تائێستا نزیکەی 50 پەرلەمانتار توشی کۆرۆنا بوون، 12 یان دۆخیان خراپە، 5 یشیان کۆچی دواییان کردووە."

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندی بە تێکەڵبوونی پەرلەمانتاران و بەشداری کردنیان لە بۆنەکاندا هەیە، کە زۆرێکیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان نابن.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمیش تا دێت بەرز دەبێتەوە، چونکە خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان نیە."

جەختیشیکردەوە"هۆکاری ڕاگرتنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نیە لەنێو پەرلەماندا، بەڵکو گرژی نێوان کوتلە و لایەنەکانە."

شوێنی 4 لەو پەرلەمانتارانە پڕکراونەتەوە کە کۆچی دواییان کردووە، بەڵام شوێنی دوا پەرلەمانتاری کۆچ کردوویان کە عەدنان ئەسەدی سەرۆکی دەوڵەتی یاسابوو، هێشتا پڕ نەکراوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:41 0:00


XS
SM
MD
LG