Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی سوریا دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە سوریا کۆی 203 هەزار ڤاکسینی کۆڤید-19 ی پێگەیشت، وەک وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە دەڵێت ئەمە هەوڵێکە بۆ خێراکردنی پرۆسەی کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا.

گەیشتنی ئەم بڕە ڤاکسینەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مسۆگەر کرابوو لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا بەشەڕ وێرانبووەدا بڵاوبووەتەوە. ڤاکسینی ئاسترازەنێکا بەشێک دەبێت لە هەڵمەتەکە بۆ کوتانی نزیکەی %20 دانیشتوان بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ.

حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی دوو لەسەر سێی ئەو وڵاتەی لەدەتدایە و بەشەکانی تریشی لە ژێر دەستی سەرهەڵداوان و لایەنە کوردییەکاندایە. ملیۆنان کەس لە وڵاتەکە هەڵاتون یان ئاوارە بوون و شەڕەکەش نزیکەی نیو ملیۆن کەسی لەو دانیشتوانەی کە پێش شەڕەکە ژمارەیان 23 ملیۆن بوو کوشتووە.

له میانه ی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا له دیمەشقی پایتەخت وەزیری تەندروستی حەسەن غەبباش ڕایگەیاند سەرەتا کارمەندانی تەندروستی دەکوترێن پاشان کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایانیان هەیە.

ئەکجەمال ماگتیمۆڤا نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) لە سوریا ڕایگەیاند کە حکومەت پلانێکی داڕشتووە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوی یونیسێف بۆ دابەشکردنی کوتانەکە بە یەکسانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

ئەم ڕاگەیاندنەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژێک پاش ئەوە هات کە دوایین ناوچەی ژێر دەستی یاخیبووەکانی سوریا یەکەم بەشی 53 هەزار و 800 ڤاکسینی دژی کۆڤید - 19 ی پێگەیشتووە کە لە تورکیای دراوسێوە ڕەوانە کراوە.

ئەو 203 هەزار بەشەی گەیشتووەتە دیمەشق ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدان لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵات کۆنترۆڵ کراوە. بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان هەزار بەشی تری ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بگاتە ناوچەکە.

حکومەتی سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا هەتا ئێستا 21 هەزارو 500 حاڵەتی کۆرۆنای تۆمار کردووە کە نزیکەی 1500 کەس گیانیان لەدەستداوە. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداواندا 21 هەزار حاڵەت تۆمار کراوە لەگەڵ 640 مردن بەهۆی ڤایرۆسەکە هاوکات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانیش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە 14 هەزار و 400 حاڵەت تۆمار کراوە و 477 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG