Accessibility links

هاووڵاتیان نیگەرانن لەزیادبوونی حاڵتەکانی کوشتن و شێوازی خستەڕوویان لە میدیای کوردیدا


زۆربوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستاندا نیگەرانی لێدەکەوێتەوە و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گردبوونەوەیەکدا داواکاربوون، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری لەڕێگەی میکانیزمێکی تایەتەوە، ڕێگە لە ڕووماڵی هەڵەو ناردوستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بگیرێت کەلە خستنەڕووی فراوان و بێبەرپرسیاریەتی لە ڕووماڵی شەوانە وڕۆژانە رووداوەکان دەخەنە سەر شاشە و ڕووپەری ماڵپەرەکانیان، هاوکات بیروڕای جیاوازیش بۆ زۆربوونی حاڵتەکان دەخەنە ڕوو.

محمد وەلی بەناوی ژمارەیەک لە ڕێکخراو چالاکوانانی هەڵەبجەوە لە بەینامەیەکدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە ڕووداوەکانی کوشتن ووردتر بکۆڵنەوە و هۆکارەکانی دیاری بکەن، هاوکات نیگەرانی خوشی لە ڕوماڵی بێبەرپرسیاریەتی میدیای کوردی لە ڕووداوەکانی کوشتندا دەربڕی و ڕایگەیاند بۆ گەرمکردنی بازاڕی لایک و کۆمێنت خەریکە ئەرکەکانی میدیا پەراوێز دەخرێن.

بەشێکی دیکە لە چالاکوانان دۆخی ئابوری و بێپلانی حکومەت و سەروەرنەبوونی یاسا بە هۆکاری زیاد بوونی حاڵتەکان دەزانن، ئەرسەلان عابید یەکێک لە چالاکوانەکانی بەشداربووی گردبوونەوەکە لەلێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند خراپی دۆخی ئابوری و سیاسی و ئیداری هۆکاری گەورەن بۆ زیاد بوونی حاڵەتەکان، میدیاش نەیتوانیوە ئەم خەمە بگەیەنێت و لایەنی مەعریفی خەڵکیش بەهێزبکات.

د. جەعفر عومەر پزیشکی دەروونی لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند نەخۆشیی دەروونی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانە، خەڵکی پێی شەرمە کە نەخۆشی دەروونی هەبێت و بڕوات چارەسەری بکات، ئەمەش وادەکات کە ڕۆژانە زاڵنەبێت بەسەرگرفتەکانیدا و دواجار یان کۆتایی بەژیانی یەکێک دەهێنێت یان کوتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت .

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لەهەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانڕ 2010 بو 2020 لە هەرێمی کوردستاندا 490 ژن کوژراون و 612 ژنیش خۆیان کوشتووە، لەم مانگەشدا ژمارەیەکی زور لە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوژ لەلایەن هەردوو ڕەگەزەکەوە تۆمارکراون و بەشێکی زور لە ڕووماڵی تەلەفزیۆن و میدیا خوێنرا و بیسترا و بینراوەکان تایبەت بووە بەم حاڵەتانە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00


XS
SM
MD
LG