Accessibility links

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن


ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردۆتەوە و تیایدا نیشان دەدات لەو کاتەوەی پەتای کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە ڕەوشی ئازادی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.

ڕاپۆرتە نوێیەکەی گروپەکە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهان کە لە ڕۆژی سێشەممە بڵاو کرایەوە، ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە 180 وڵاتانی جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت %73 وڵاتانی جیهان کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئازادی میدیادا هەیە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەشێک لە وڵاتانی جیهان پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەکو بیانویەک بەکارهێناوە بۆ ڕێگەگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەوانان بە زانیارییەکان و سەرچاوەکان و دەڵێت ئەم جۆرە حاڵەتانە بە تایبەتی لە وڵاتانی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورپا ڕوویانداوە.

ڕاپۆرتەکە پەلەی وڵاتەکانی بە پێج بەش پۆلێن کردووە، وڵاتە زۆر باشەکان، باشەکان، خراپەکان، زۆر خراپەکان و هەرە خراپترین.

پێنج باشترین وڵاتی جیهان لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەم وڵاتانەن نەرویژ کە بە پەلەی یەکەم هاتووە و پاش ئەوەیش فینلاند، سوید، دانیمارک و کۆستاریکا.

پێنج هەرە خراپترین وڵاتیش بریتین لەمانە ئیریتیریا کە بە پەلەی 180 هەمین هاتووە پێش ئەوەشی کۆریای باکور، تورکمانستان، چین و جیبۆتی.

ئێران و سوریا و عێراقیش دەکەوتنە خانەی وڵاتە هەر خراپەکان بۆ ئازادی ڕاگەیاندن، ئێران لە پلەی 174 هەمین وڵاتدایە سوریا 173 و عێراقیش 163 .

سەبارەت بە ئێران ڕاپۆرتەکە دەڵێت " ئێران هێشتا یەکێکە لە وڵاتە هەرە سەرکوتکارەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان، بەلانی کەم 860 ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی - ڕۆژنامەنووس دادگایی کراون ، دەستگیر کراون ، زیندانی کراون و لە هەندێک حاڵەتدا کە لە دوای شۆڕشی 1979 ەوە لە سێدارەش دراون. کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئاماژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی هەراسان کردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەزگا ڕاگەیاندنەکان نیشان نەداوە. ڕۆژنامەنووسانی ئێران هێشتا بەردەوام لەژێر مەترسی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و سزای زیندانی درێژخایەندان کە لەلایەن دادگاکانی شۆڕشەوە بە ناڕوایانە بەسەریاندا دەسەپێندێت. هەروەها دەسەڵاتداران شەڕی خۆیان لە دژی ئازادی ڕاگەیاندنی درەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەش دەکەن و فشارێکی زۆر لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی دروست دەکەن کە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی کار دەکەن. هەروەها بەردەوامنلە هەراسانکردنی کەس و کاری ڕۆژنامەوانە زیندانیکراوەکان بە هەڕەشەکردن لێیان و تەنانەت دەستگیرکردنیان و حوکمدانیان بە سزای زیندانی درێژخایان ."

سەبەرەت بە سوریا ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور دەڵێت " مەترسی دەستگیرکردن، ڕفاندن و کوشتن ڕۆژنامەوانانی لە سوریا خستۆتە ڕەوشێکی ئێجگار مەترسیدارەوە. لە ساڵی 2018 دا دە ڕۆژنامەوان کوژران کەسیانیان قوربانی کوشتنی بارودۆخێکی ناڕون بوون کە هەرگیز ڕوون نەکرایەوە. نوێکردنەوەی تۆماری سڤیلی پشتڕاستی کردەوە پێنج ڕۆژنامەوانیش لەم چەند ساڵەی دوواییدا لە زیندانەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد مردوون. لە سەرەتای ساڵی 2018 وە دەیان ڕۆژنامەوان ناچاربوون بەهۆی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی حکومەت هەڵبێن، بەتایبەتی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی غوتە و ناوچەی دەرعە چونە لەوە دەترسان دەستگیر بکرێن. ڕۆژنامەوانان ئامانجی هەمو لایەنەکانی ناکۆکییەکەن ئەوان ئامانجی هەڕەشەکانی لەشکری سوریا و هاوپەیمانانی و هەروەها چەندین گروپی جیاوازی ئۆپزسیۆنن لە ناویاندا هێزەکانی سەر بە تورکیا، هێزە کوردییەکان و گروپە ئیسلامییەکانی وەکو داعش و هەیئەت تەحریر ئەلشامیشن. لەو دەزگایانەی میدیای کە لەلایەن ڕۆژنامەوانی هاووڵاتییەوە دروست کراون تەنها بەشێکی کەمیان ماوەن. حکومەتی سوریا لە مانگی ئازاری 2018دا بە دروستکردنی دادگای تایبەتی تاوانی سایبەر، ئامرازێکی نوێی بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕاگەیاندن بۆ خۆی دروستکرد."

سەبارەت بە عێراق دەڵێت " ڕۆژنامەنووسانی عێراق ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن یان لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی دەکەن. ئەو مەترسییانە لە مانگی 10 ساڵی 2019 و دەمی شەپۆلێکی بێپێشینەی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت زیاتریان کردووە. ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەوێرن ڕاپۆرت لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران بکەن دەبنە ئامانجی هەراسانکردن، ڕفاندن، هێرشی جەستەیی و تەنانەت کوشتنیش لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە. هەڕەشەکان لە هەمولایەکەوە بۆ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لە ڕۆژنامەوانان لێکۆڵینەوە بکەن یان ڕاپۆرت لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بڵاو بکەنەوە. ناوهێنانی کەسایەتییە سیاسییەکان یان ئاینییەکان بابەتێکە کە دەستی بۆنابرێت و دەشێت ببێتە هۆی دادگاییکردن و داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن بۆ بێڕێزی کردن بە ' سیمبولە نیشمانی یان ئاینییەکانەوە'. کەسوکاری قوربانیان دەڵێن کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بێ سزا دەڕوات چونکە لێکۆڵینەوەی لەسەر ناکرێت یان ئەگەر لێکۆڵینەوەش بکرێت ناگات بە هیچ شوێنێک.بێدەسەڵاتی دەوڵەت مەترسیەکان زیاتر دەکات و وادەکات نەزانرێت گروپە چەکدارەکان چۆ ئەم کارانە دەکەن،یان ئایا حکومەت ئەو هێزەی پێیداون ، یان هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر بارودۆخەکەوە نییە. بەڵام دەسەڵاتداران راپۆرتی زیندوویان لەنێو خۆپیشاندانەکاندا قەدەغە کردووە، ئینتەرنێتیان پچڕاندووە و لە بڕیارێکی کۆمسیۆنی رێکخستنی میدیادا، 10 دەزگای راگەیاندنیان قەدەغە کردووە لە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان."

لە بەشێک لە بابەتەکەی لەسەر عێڕاق ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور باس لە هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێت " لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی باکوری عێراقدا، وا دیارە هیچ سنوورێک بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەوانانە نییە کە ڕەخنە لە خێزانە فەرمانڕەواکان دەگرن. ئەوان زیندانی دەکرێن بە تۆمەتەکانی سیخوڕی کردن یان ئاسایشی وڵات خستنە مەترسییەوە لەسەر بنەمای ئەو دانپیانانانەی لە ژێر ئەشکەنجە یان هەڕەشە وەرگیراون. هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەرێم لە دۆخی ناڕووندا گیانیان لەدەستداوە و ئەو گومانەی کە دەسەڵات بەرپرسیاربووە دووپاتبووەتەوە بەهۆی نەبوونی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر مردنیان."

پەلەی ئەم وڵاتانە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵی ڕبردووی ڕێکخراوەکە، لە ساڵی 2020 ئێران بە پەلەی 173 هاتبوو، سوریا 174 و عێراقیش 162.

ڕاپۆرتەکەی ئەم ساڵ تورکیای لە پلەی 153 داناوە کە دەکەوێتە وڵاتە زۆر خراپەکانەوە وە لەسەر تورکیاش دەڵێت "

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بەدرێژایی سنووری سوریا و لە هەرێمی ئیدلب، دەستێوەردانی سەربازیی لە لیبیا، دەستێوەردانی سیاسی قەیرانی پەنابەرانی سوریا و مامەڵەکردنی لەگەڵ پەتای کۆڤید-19 هەمووی بۆ زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی بەکارهێناوە دژ بە میدیا ڕەخنەگرەکان و بەکارهێنانی سسیتمی دادوەری بۆ مەبەستی سیاسی. تەنانەت ئەگەر تورکیا چیتر گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانانی جیهان نەبێت ، مەترسی زیندانیکردن و ترسی ئەوەی کە لە ژێر هەڕەشە کۆنترۆڵی دادوەریدا بێت هەر هەیە. حکومەت %90 ی میدیای نیشمتانی کۆنترۆڵ دەکات. سانسۆرکردن و کۆتبەندی ڕاگەیاندن گەیشتۆتە ئاستێکی بێپێشینە. لێپرسینەوە لە دەسەڵات و باڵادەستییەکانی مەحاڵە."

XS
SM
MD
LG