Accessibility links

لێکۆڵینەوە لەسەر پاسپـۆرتی تورکی


حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوکانی خۆی فراوان کردووە لەسەر ڕاگەیاندنی دەیان کەس کە پاسپۆرتی تایبەتییان بەکارهێناوە بۆ بە یاسایی چوونە ناو ئەوروپاوە و هەرگیز نەگەڕاونەتەوە.

ئەم شەرمەزارییە بۆتە سەردێڕی هەواڵەکانی ناو تورکیا لەوەتای هەفتەی ڕابردووەوە کە دەنگوباسی ئەوە بڵاوبۆتەوە؛ 43 کەس بە پاسپۆرتی بۆری تورکیا، لە مانگی 11ی ڕابردوودا چوونەتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە ۆرک شۆپیکی تایبەت بە ژینگە و ئیتر نەگەڕاونەتەوە بۆ تورکیا.

پاسپۆرتی بۆر، دەدرێتە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی تورکیا کار بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن و ڤیزایان دەدرێتێ تا بە ئازادی لە چەند وڵاتێکدا بگەڕێن.

ژمارەیەک لەو 43 کەسە لە شارەوانی شاری مەڵاتیا لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا نێردراون، بەپێی میدیا خۆجێیەکان.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "لێکۆڵینەوەکان فراوانتر دەکرێن تا 6 کەسی تری شارەوانییەکانی تر بگرێتەوە، لەوانە شاری ئۆردو لەسەر دەریای ڕەش.

ئەو 6 کەسەش بریتین لە شارەوانەکانی سەر بە ئاکەپە، پارتی فەرمانڕەوای تورکیا و هەروەهاش ئۆپزسیۆنی سەرەکی وڵاتەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا هاتووە " ئەو شارەوانانە خەڵکیان ناردۆتە دەرەوە بۆ بەشداریکردن لە نومایشتی سەمای میللی و گەشتی ڕۆشنبیری و بەرنامەی لاواندا."

وەک بەشێک لە فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دەرکردنی ئەو جۆرە پاسپۆرتە مۆرکراوانە ڕاگیراون بۆ فەرمانبەرانی لە بواری گشتیدا کار ناکەن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆجێییەوە بۆ کارکردن لە دەرەوەی تورکیا دەستنیشان دەکرێن.

لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا جێگری فەرمانڕەوای شاری مەڵاتیا و دوو کاربەدەستی تری بواری گشتی و سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری دانیشتوان و هاوڵاتیانی لە کار ڕاگرت، بەهۆی ئەم شەرمەزارییەوە.

سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی هەبەر تورکی ڕاگەیاندووە، خەڵک لە شارەوانی بینگۆل لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا، نزیکەی 7200 دۆلاریان داوە بەو پاسپۆرتە تایبەتانە تا پێی بچنە ئەڵمانیا و دەشڵێت بەلانیکەم 450 بۆ 500 کەس بەو ڕێگەیە چوونەتە ئەوروپا.


XS
SM
MD
LG