Accessibility links

ڕاوچییەکان و جیهادییەکان لە مالی دەیان کەس لە یەکتر دەکوژن


نزیکەی 40 کەس کوژراون لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان جیهادییەکان و ڕاوکەرە ئاساییەکاندا و نزیکەی یەک هەزار کەسیش ئاوارە دەبن؛ بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی مۆپتی لە وڵاتی مالی.

حکومەتی ئەو هەرێمە بەشەڕ وێرانبووە لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت شەڕەکە بەهۆی مشتومڕی نێوان دوو برا دەستیان پێکردووە و یەکێکیان ڕاوکەرێکی ئاسایی و ئەوی تریشیان وەک دەگوترێت جیهادییە.

شەڕی نێوان شارۆچکە سەرەکییەکانی ناوچەکانی ناوەڕاستی مالی و جینی، بوونەتە مایەی کوژرانی 20 کەس لە هەر لایەک ، هەروەها وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە هێزی لەشکر بەرەو ئەو ناوچانە جوڵیندراون.

کاربەدەستێکی ئاسایشی مالی، بەومەرجەی ناوی نەهێندرێت بە ئاژانسی فڕانس پرێسی وتووە شەڕەکان ئەو کاتە دەستیانپێکردووە کە ڕاوکەرەکان بڕیاریان دابوو تا ئەو برنجەی جیهادییەکان وەک باج سەندبوویان، لێیان وەربگرنەوە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەو زانیاریانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

سدیقی دیارا، وتەبێژی دەستەیەکی ڕاوچییەکان لەو ناوچەیەی مالی دەڵێت "شەڕەکان لە رۆژی 12ی ئەم مانگی چوارەوە دەستیان پێکردووە و زۆر کەسمان لەدەستداوە و ڕزگاربووەکانیش خۆیان گەیاندۆتە گوندەکانی دەوروبەر."

لە ساڵی 2012دا، میلیشیا ئیسلامییەکان دەستیان بە یاخیبوون کرد و ئاگری ئەم یاخیبوونەش لە ناوەڕاستی مالی، پەلی هاویشت بۆ وڵاتانی دراوسێش وەک بورکینا فاسۆ و نیجەر.

لە ساڵی 2015وە توندوتیژییەکان زیاتر بوون پاش ئەوەی دەگوترا دەستەی ئەمادۆ کوفا هاوپەیمانی ئەلقاعیدەن و ئەمەش ئاوری شەڕی نەژادی خۆشتر کرد. لە بەرامبەریشدا چەند کۆمەڵەیەکی داکۆکی لەخۆکردن لە ڕاوچییە باوەکان پێکهێنران، بەڵام ئەمانەیش بەوە گوناهبار کراون کە مەبەستی نەژادییان هەیە.

XS
SM
MD
LG