Accessibility links

میشێل کیلو بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدات


میشێل کیلو

میشێل کیلو، ئۆپزسیۆنی ناوداری سوریا بە پەتای کۆرۆنا لە پاریس دەمرێت پاش ئەوەی تەواوی ژیانی تەرخان دەکات بۆ خەباتێکی ئاشتیانە دژ بە پارتی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا.

ئەم کەسایەتییە ناودارەی سوریا کە تەمەنی 81 ساڵ بوو، لە قۆناغە بەراییەکانی قەیرانی سوریادا کە 10 ساڵ لەمەوبەر سەریهەڵدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕا لە هەوڵە بێ توندوتیژییەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێک تا جێی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد بگرێتەوە.

میشێل کیلو، کە نوسەریش بوو، لە ساڵی 1940 لە خێزانێکی کریستیان لەدایک بووە لە شاری لازقییەی سەر دەریای ناوەڕاست. شاری لازقییە بە بنکەی سەرەکی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرێت کە لە کەمایەتی عەلەوییەکانی سوریان.

کیلو لە ساڵی 1963وە کە بەعسییەکان لە سوریادا بوونە فەرمانڕەوا، دژایەتی بەعسی کردووە.

لە ساڵی 1980 تا ساڵی 1983، لەسەروەختی سەرۆکایەتی حافز ئەلئەسەد، باوکی بەشار، میشێل کیلو زیندان کراوە و جارێکی تریش لە ساڵی 2006 تا 2009 لەسەروەختی سەرۆکایەتی بەشار ئەلئەسەددا زیندان دەکرێتەوە.

لە مانگی 9ی ساڵی 2000دا یەکێک بووە لە نزیکەی ئەو 100 ڕوناکبیرەی داوای ڕیفۆرمیان دەکرد لە بوارەکانی ئازادییە گشتییەکان و فرەیی سیاسی و هەروەهاش لابردنی باری نائاسایی وڵاتەکە، ئەم داواکردنەش لەو کاتەدا بە "بەهاری دیمەشق" ناسرابوو.

میشێل کیلو، لەگەڵژمارەیەک کەسایەتی ناوداری ئۆپزسیۆنی سوریادا لە ساڵی 2005دا "بانگەوازی دیمەشق" ی مۆرکرد کە داوای ڕیفۆرمی دیموکراسی تیادا کرابوو لەو وڵاتە دیکتاتۆرییەی عەرەبدا.

لە ساڵی 2011شدا کاتێک خۆپیشاندانی دژە ڕژێم لە سوریا دەستیپێکرد، کیلو داوای خۆپیشاندانی ئاشتیانەی دەکرد و ئاگاهیشی دەدا کە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری دەبێتە هۆکاری هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، هاوکاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گەلی سوریائەم کەسایەتییە ناودارەی ئۆپزسیۆنی سوریا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ڕژێمی سوریا هەر لە سەرەتاوە پلانی خۆی هەبووە تا خۆپیشاندەران بەرەو بژارەی توند بڕۆن و چەک هەڵبگرن. حکومەتی سوریا هەرگیز بزووتنەوەیەکی سیڤیلی ئاشتیانەی ناوێت."

لە قەیرانی سوریادا تا ئێستا زیاتر لە 388 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارە بوون.

لە ساڵی 2013دا میشێل کیلو دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانێتی نیشتمانی سوریا، تا ئەوکاتەی بەهۆی دابەشبوونی ناوخۆیی ئەو هاوپەیمانێتییەوە، دەست لە کارەکەی دەکشێنێتەوە.

ئەمڕۆش دووشەممە، هاوپەیمانێتی نیشتمانی سوریا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ کیلو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەرەوە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆرییەت."

میشێل کیلو، زۆر جار ڕاشکاوانە باسی لە وەرچەرخانە ناوخۆییەکانی سوریای دەکرد و بە هۆکاری لاوازبوونی ئۆپزسیۆنی سوریا ناودێری دەکردن و لە ساڵی 2015دا دەیگوت "ناوبژیوانانی بیانی لەم قەیرانەدا، ڕەوشەکەیان خراپتر کردووە."

XS
SM
MD
LG