لە ئێستادا بابەتی چۆنییەتی بەشداری لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا لە پارێزگای کەرکوکدا بۆتە باس و خواسێکی گەرموگوڕ.
بڕیارە ڕۆژی 16ی مانگی 10ی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراقدا بکرێت، هەرچەندە یەکەم جار بڕیار بوو ئەو هەڵبژاردنە لە سەرەتاکانی مانگی شەشدا بکرێت.
سۆران داودی، نوسەر و ڕۆژنامەوان دەڵێت "پێناچێت لایەنە کوردییەکان بتوانن هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنن بەهۆی ئەو ناکۆکییە زۆر و زەوەندانەی لە نێوانیاندا هەیە بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017وە."
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەخیل شەممۆ، بەڕێز داودی ئاماژەش بەوە دەکات کە ڕەوشی عەرەب و تورکومانەکانیش لە کەرکوک لەو ڕەوشەی کورد تیایدایەتی باشتر نییە، بەڵام دەشڵێت "دەشێت عەرەبەکان و تورکومانەکان تەکنیکی نوێ بەکاربهێنن لە ڕێی دروستکردنی لیستی کوردییەوە لەو ناوچانەی کە کورد ناتوانێت بیانگاتێ بەهۆی ڕەوشی ئاسایشی و جموجۆڵەکانی داعشەوە."
سۆران داودی باسیش لەوە دەکات کە دەشێت بەهۆی ڕەوشی ئاسایشییەوە لەوانەیە لە ناوچەکانی ڕیاز و لە حەویجە، هەڵبژاردن ڕووبەڕووی سەختی و گرفت ببێتەوە بەوپێیەی جموجۆڵی داعش لەو ناوچانە زۆرن و تەنانەت وەک دەڵێت "لەوانەشە چاودێرانی هەڵبژاردن نەتوانن بچنە ئەو ناوچانەوە."
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: