Accessibility links

ئێران هانا بۆ ئینتەرپۆل دەبات


.
.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە پۆلیسی نێونەتەوەیی دەکەن "ئینتەرپۆل" تا یارمەتی ئێران بدات لە دەستگیرکردنی کەسێک وەک دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەڵێن "گومانبارە بە دەستهەبوون لە تەقینەوەکەی دامەزراوەی ناوکی ناتانز."

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت وێنەی "ڕەزا کەریمی"یە و ئاماژەشی بەوە کردووە وەزارەتی ئیتیلاعات گەیشتۆتە ئەو بەرەنجامەی خاوەنی ئەو وێنەیە "جێبەجێکاری ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 11ی مانگی چوارە لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز."
کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیلی گوناهبار کردووە بەوەی لە پشت ئەو تەقینەوەیە بووە.

زۆربەی جار، کۆماری ئیسلامی ئێران لەم جۆرە ڕووداوانەدا ئیسرائیل گوناهبار دەکات.

تەلەفزیۆنی ئێرانی دەڵێت ڕەزا کەریمی بەر لە ڕووداوەکە، ئێرانی جێهێشتووە و دەشڵێت "پرۆسەی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی و گەڕاندنەوەی بۆ ئێران دەستیان پێکردووە."

ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە کۆنەپارێزانی ئێرانە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا نوسیویە "دەزگاکانی هەواڵگریی و دادوەری لە ئێستادا هەوڵی دەستگیرکردنی ڕەزا کەریمی دەدەن و هەروەهاش گێڕانەوەی بۆ ئێران."

کەیهان دەنوسێت "ڕەزا کەریمی تەمەن 43 ساڵ، پاش ئەوەی ناسنامەکەی دیارکراوە، ڕێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر لەڕێی ئینتەرپۆلەوە تا دەستگیر بکرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران."

نە تەلەفزیۆنی ئێران و نە میدیاکانی تریش هیچ زانیارییەکی زیاتریان بڵاونەکردۆتەوە لەسەر ئەو "گومانبارە" هەروەها وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێرانیش هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەکردۆتەوە.

سەرچاوە جیهانییەکانی هەواڵ ڕایدەگەیەنن تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی جیهانیی گرینچ، هیچ وێنەیەکی ڕەزا کەریمی لەسەر ماڵپەڕی ئینتەرپۆل نەبووە.

XS
SM
MD
LG