Accessibility links

دکتۆر سەردار عەزیز باس لە دۆخی عێراق و هۆکاری هێرشکردنە سەر هەولێر دەکات


لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر لەلایەن گروپە شیعەکانەوە، زیاتر لە پەیامێکیان لە پشتەوە بووە، بەتایبەت ئێران ئەو لایەنەیە کە پەیامەکانی بەو گروپانەدا دەنێرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت "جەنگێکی ڕانەگەیەندراو لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە، چ لەسوریا، چ لە ناودەریاکان و جێگەی تر، میدیاکانی ئێران هێرشەکەی سەر هەولێریان بۆ سەر بنکەهەواڵگریەکانی ئیسرائیل ناوبرد، ئەمە پەیامی ئێران بوو بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی، بەوەی دەستەوەستان نیە بەرامبەر ئیسرائیل."

بەبڕوای دکتۆر سەردار، پەیامی دووهەمی پشت هێرشەکەی هەولێر، پەیام بوو بۆ ئەمەریکا و بە شێکیش بوو لە پرۆسەی هەراسانکردن، ئێران پێیوایە ئەمەریکا لە ئەنجامدا ماندوو دەبێت و ناوچەکە جێدەهێڵێت، بەتایبەت ئەو وڵاتە دەیەوێت لەڕێگەی فشار و هەراسانکردنەوە، پەیام بۆ ئەمەریکا بنێرێت بەوەی لەگەڵمان دانەنیشیت یان گوێ لە داواکاریەکانمان نەگریت، دەتوانین ناڕاستەوخۆ هەراسانت بکەین، دەشڵێت "پەیامی سێهەمی پشت هێرشەکانی هەولێر بۆ هەرێمی کوردستان بوو، ئێرانیەکان و هێزە شیعەکانیش پەیامی ئەوە دەنێرن کە هەرێم دابڕاو نیە لە عێراق و دەستیان بەهەرێمیش دەگات، ئینجا هەندێک لایەنی چەکداریش دەیانەوێت پێگە و ڕۆڵیان بەهێز بکەن، بەتایبەت لەمکاتەدا کە هەڵبژاردن نزیکە."

سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازیەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق، ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیە، پێیوایە هێرشەکە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ناوچەکانی شەنگال و موسڵ، ناوچەی بەریەککەوتنی پانتایی ئێرانی و تورکین، ئەو ناوچانە ئاڵۆزی زیاتر بە خۆوە دەبینن، کاتێک ئێران و تورکیا هەوڵی فراوانکردنی هەیمەنەی خۆیانی تێدا دەدەن و دەڵێت "ئێران و تورکیا وەها وێنای خۆیان دەکەن کە خاوەنی شارستانیەتێکن و ئەو شارستانیەتە مافی ئەوەیان پێدەدات بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سنوری خۆیان بکشێن. هەموو ئەمانە دەرئەنجامی ماندووبوونی ئەمەریکایە کە باس لە کشانەوە دەکات، ئەو دوو وڵاتەش دەیانەوێ بۆشایی دوای کشانەوەی ئەمەریکا پڕبکەنەوە."

دکتۆر سەردار عەزیز هۆکاری وەڵام نەدانەوەی ئەمەریکا بۆ هێرشی گروپە چەکدارە شیعەکان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە ئەمەریکا دەزانێت هێرشەکان بۆ ئەوەن تا وەڵام بدرێنەوە، لەو ڕێگەیەوە فشار و سەرنجی نێودەوڵەتی دروست ببن و ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان سودیان لێ ببینێت، بەتایبەت ئێران دەزانێت کە وڵاتانی وەک چین و ڕوسیا و ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا دەخوازن ئێران بێتەوە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە ئەمەریکاش نایەوێت وەڵامەکانی دەست و برد و هەرا دروستکەربن، دەشڵێت " گەر ئەمەریکاش نیازی دانوستانی هەبێت لەگەڵ ئێران، نابێت ئەم هێرشانە وەک فشار ببینێت، ئەمەریکا دەستەوەستان نابێت، بەڵام نایەوێت بکەوێتە داوی ئێرانەوە، ئینجا گەر ئەمەریکاش بەتوندی وەڵام بداتەوە، ئەوا ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەتوانن وەک کارتێک بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی دانوستان نەکرێت."

لەمکاتەدا کە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق نزیکە، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە لایەنە شیعەکان گەر دڵنیابن هەڵبژاردن پێگەیان لاواز دەکات، دوور نیە پەنا بۆ کودەتا و دوورخستنەوەی حکومەتەکەی کازمی بەرن، بەڵام دکتۆر سەردار عەزیز پێیوانیە شیعە لە عێراق دا کودەتا بکات، تەنانەت گەر پەرلەمانیش پڕبێت لە نەیاریان، کە دوورە ئەمەش ڕووبدات، چونکە پڕبوونی پەرلەمان لە نەیاریان، کاریگەری ئەوتۆی لەسەر پێگەی گروپە چەکدارەکان نابێت، دەڵێت "گەر ئەو گروپانە کودەتا بکەن، لەڕووی سیاسی و ئابووریەوە زیانی زۆریان بەردەکەوێت، بەتایبەت باشی باری ئابووری عێراق بۆ ئەوان گرنگە، شەڕی گەورەی عێراقیش بۆ دەست گەیشتنە بە داهات نەک هیچی تر، بۆیە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی کودەتا، زەمینە سازکردنە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری وڵات."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز شارەزای سیاسی و لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، ئاماژەی بە پلانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق کرد، ڕوونیکردەوە پلانی ئێران بریتیە لەوەی عێراق لەداهاتوودا نەبێتە وڵاتێک مەترسی لەسەر دروست بکات، ئینجا عێراق دەروازەی ئێرانە بەڕووی دونیا و ناوچەکەدا، دەیەوێت لەڕێگەی عێراقەوە کاریگەری لەسەر دونیای عەرەبی و بەتایبەت کەنداو دانێت، دەڵێت "عێراق سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی ئابووری و دراوی قورسە بۆ ئێران، لە ڕێگەی عێراقەوە دەیەوێت ئابڵۆقەکانی سەری لاوازبکات، لەهەمووشی گرنگتر، بەنیسبەت ئێرانەوە، عێراق دەبێت لەلایەن ئەو هێزانەوە بەڕێوە ببرێت کە خزمەت بەبەرژەوەندیەکانی دەکەن، یاخود عێراق بەجۆرێک ئیدارە بدرێت کە خزمەت بە ئامانجەکانی ئێران بکات."

بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، پلانی ئەمەریکا بۆ عێراق جیاوازترە لە پلانی ئێران، ئەمەریکا دەیەوێت عێراق نەبێتە بار بەسەریەوە، حکومەتێک دروست بکات لەسەر پای خۆی بوەستێت، نەبێتە مایەی بەرهەم هێنانی تیرۆر و بەهێزکردنی نەیارەکانی ئەمەریکا.

دکتۆر سەردار عەزیز جەختدەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "ئەمەریکا باوەڕی بەوە نەماوە عێراق ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی و سەقامگیر، بەڵکو دەیەوێت عێراق ئیدارەی خۆی بدات و نەبێتە کێشە بۆی، تەنانەت ئەمەش ئاسان نیە، چونکە نەیارەکانی ئەمەریکا دەیانەوێت، ئەمەریکا لە قوڕاوی عێراق دەربازی نەبێت، چونکە ئەوان بە چەقینی ئەمەریکا لەعێراق سودمەندن."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:25 0:00


XS
SM
MD
LG