Accessibility links

قەتەر هەوڵی بەدەستهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ هەمو ئامادەبوانی مۆندیالی 2022 دەدات


وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی هەینی گوتی قەتەر لەگەڵ کۆمپانیا دەرمانسازییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە گفتوگۆدایە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو ئەو هاندەرانەی کە لە مۆندیالی 2022 ی ئەو وڵاتە ئامادە دەبن دژ بە ڤایرۆسەکە بکوترێن.

ئەو وڵاتەی کەنداو ڕووبەڕووی دووبارە زیادبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکەو مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بووەتەوە سەرەڕای پێشوەچوونەکان لە بەرنامەی کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکەدا، ئەمەش فشاری بۆ کاربەدەستان برد قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕابگەیەنن.

وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی ڕایگەیاند " ئێمە ماوەیەک لە گفتوگۆداین لەگەڵ دابینکەرانی ڤاکسین لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین دڵنیابین ئەوانەی لە جامە جیهانییەکە ئامادە دەبن هەمویان دژ بە ڤایرۆسکە کوترابن."

ئەو گوتیشی " لە ئێستادا بەرنامە هەیە بۆ دابینکردنی کوتان بۆ هەمو ئامادەبووانی مۆندیالەکە."

" پشتبەخوا ئێمە دەتوانین بۆنەیەکی بێ کۆرۆنا ئەنجام بدەین. هیواداریشین پەتاکە لە ئاستی جیهانیشدا تا ئەو کاتە کەمبێتەوە."

لە ئاستی جیهانیدا هێشتا هیچ وڵاتێک سیستەمی بەڵگەنامەی کوتانی جیهانی پەسەند نەکردووە، هەرچەندە بلیتی گەشتکردن بۆ ڕێکخراوی گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی IATA لە نێو هێڵە ئاسمانییەکانی کەنداودا زۆر بەناوبانگ بووە لە ناویاندا هێڵی ئاسمانی قەتەریش.

لەو ڕۆژەوەی کە پەتاکە بڵاوبووەتەوە هەتا ڕۆژی هەینی 194 هەزار و 930 کەس لە کۆی 2 ملیۆن و 750 هەزار دانیشتوانی قەتەر توشی کۆرۆنا بوون. لە ئێستاشدا 21 هەزار و 965 حاڵەت هەیە.

پێشتر جیانی ئینفەنتینۆ سەرۆکی فیفا ڕایگەیاندبوو پێویستە ڕێوشوێنەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی جامی جیهانی 2022دا بگیرێتەبەر بەڵام وردەکاری نەدابوو.

ئەو لە میانەی دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی لە مانگی 2 ڕایگەیاند " ڕەنگە هەندێک ڕێوشوێنی پێشوەختە گیرابێتە بەر."

ئەو گوتیشی " پێویستە بزانین تا ئەو کاتە ڕەشەکە چۆن دەبێت. زۆر زەحمەتە لە ئێستاوە پێشبینی بکرێت."

XS
SM
MD
LG