ڕۆژی هەینی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەریتانیا و ئەمەریکا بەڵێنیان دا پشتگیری لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بکەن لە هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی فڕۆکەخانەی هەولێر کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام درابوو.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەنوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاو کراوەتەوە هاتووە" ئێمە حکومەتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندترین شێوە هێرشەکەی 14 ی مانگی 4 بۆ سەرهەرێمی کوردستانی عێراق مەحکوم دەکەین".
لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئەو پێنج وڵاتە پشتگیری لێکۆڵینەوەکە دەکەن بۆ "مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەنجامدەرانی بەرپرسیار بکرێن."
" ئێمە یەک هەڵوێستمان هەیە لەسەر ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئەندامانی لەشکری ئەمەریکا و هاوپەیمانان و دامەودەزگاکان قبوڵ ناکرێت و پابەندبوونی سەرسەختانەی خۆمان بۆ شەڕی دژ بە داعش دووپات دەکەینەوە."
شەوی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی بۆمبی کردە سەر بنکەیەکی لەشکری و شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە TNTی تێکرابوو و بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کردە ئامانج".
هەروەها گوتیشی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە یەکەم هێرشی ئاشکرا بوو کە لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر ئەنجام بدرێت.
پێشتر چەند جارێک هێرشی موشەکی کراوەتەو سەر هێزەکانی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کە واشنتن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ ئەو هێرشانە تاوانبار دەکات.
هەتا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتیان لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.