Accessibility links

مەترسی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرێکی کورد لە تورکیا بۆ ئێران


ئەفشین سوهرابزادە، پەنابەری کورد لە تورکیا لە ئیستادا دەستبەسەرە و مەترسی ئەوەی لەسەرە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە.

فریشتە تاجمیری، هاوسەری ناوبراو سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەم پەنابەرە کوردە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند " ڕۆژی دووشەممە 5 ی مانگی4 ئەفشین بۆ وەرگرتنی وەرەقەی چوونەدەرەوە لە شار، سەردانی ئۆفیسی کۆچ و کۆچبەرانی ئیسکی شەهیری کرد و لەوێ دەستگیریان کرد و پێیان گوتین دەیبەن بۆ ئانکەرە. بەڵام بەداخەوە سەری لە زیندانی دیپۆرتکردنەوەی کایسەری دەرهێناوە."

تاجمیری بە ئاماژەدان بەوەی کە گەر ئەفشین سوهرابزادە بگەڕێنەوە بۆ ئێران مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە، بە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ڕادەستکردنەوەی ئەفشین چۆن بەرگری لە یاسا و بنەماکانی خۆی دەکات؟ یان بە چی شێوەیەک دەتوانێت پێناسەی پەنابەر بکات؟ پەنابەر لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکاندا واتا کەسێک کە لە وڵاتەکەی خۆیدا مەترسی لەسەر ژیانیەتی و پەنا بۆ وڵاتێک ئەبا کە تێیدا پارێزراو بێت."

بە پێی هەواڵەکان و لێدوانەکانی فریشتە تاجمیری، سوهرابزادە لە ئێستادا لە ژوورێکدایە و کەلەپچەی پێوەیە و مافی ئەوەی پێنەدراوە دەستی بە پارێزەر ڕابگات یان بتوانێت پەیوەندی بە دەرەوە بکات، بەڵام ناوبراو توانیوێتی فایلێک لە ڕێگەی مۆبایلەوە ڕەوانەی دەرەوەی شوێنی دەستبەریەکەیدا بکات و تێیدا هۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەر بێتو دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە ئەوا مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە و داوای هاوکاری لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردوە.

ئەفشین سوهرابزادە زیندانی سیاسی پێشوو لە ئێران یەکێک لەو کەسانەیە کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2009 دا دەستگیرکرا و بە وتەی هاوسەرەکەی لە دادگاییکردنێکی "دوو خولەکیدا" لە تەمەنی 17 ساڵیدا سزای 25 ساڵ زیندانی بۆ بڕدرایەوە.

سوهرابزادە لە ساڵی 2009 دا دەستگیرکرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵەدا" سزای سێدارەی بۆ دەرکراوە، بەڵام ئەم سزایە بۆ 25 ساڵ زیندان کەمکرابووە.

14 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2016 دا هەواڵی ئەوەیان ڕاگەیاند کە سوهرابزادە لە دژی ئاوڕنەدانەوەی کاربەدەستانی زیندان لەسەر باری جەستەیی ناوبرا، لێوەکانی خۆی دەدورێتەوە و دەست دەکات بە مانگرتن لە خواردن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کرد بە پەلە ئاوڕ لەسەر باری تەندروستی و نەخۆشی سوهرابزادە بدرێتەوە کە تووشی شێرپەنجەی رێخوڵە ببوو.

بە پێی ڕاپۆرتەکان ناوبراو پاش 7 ساڵ زیندانی له زیندانە جۆراوجۆره کانی ئێران له کاتی وەرگرتنی پشوو لە زیندان بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی دەڕواتە تورکیا و لەوی داوای مافی پەنابەری دەکات و وەک پەنابەر وەردەگیرێت

فەریشتە تاجمیری هاوسەری ناوبراو داوای یارمەتی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و پێیان دەڵێت " پابەند بن بە یاساکانی مافی مرۆڤ و حکومەتی تورکیا ڕازی بکەن کە پابەندی ئەو یاسایانە بێت." ئەو هەروەها دەڵێت " ئەم هەڵوێستەی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە پەنابەران و بە تایبەت پەنابەرانی سیاسی کورد، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مافی مرۆڤە و من داوا لە هەموو ئەو رێکخراوەکان دەکەم، کە ئەم رادەستکردنە نایاساییە بوەستێنن"

ئەمە جاری یەکەم نییە کە پەنابەرانی ئێرانی ڕووبەڕووی هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسماعیل فەتاحی کە لەگەڵ سێ پەنابەری دیکە بە ناوەکانی لیلی فەرەجی و موحەمەد پوورئەکبەری و زەینەب سەحافی کە لە خۆپیشاندانی دژی کشانەوەی تورکیا لە پەیماننامەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەستگیرکرابوون، لە فایلێکی دەنگیدا کە ناوبراو بڵاوی کردبووە باسی لەوە کردبوو کە ڕەنگە تورکیا بیانگەڕێتەوە بۆ ئێران.

XS
SM
MD
LG