Accessibility links

دادگای هێزەکانی ناوخۆ داوای ئەفسەرە کوردە بەشداربووەکانی ڕیفراندۆم دەکات


جارێکی تر لەلایەن دادگای هێزەکانی ناوخۆی عێراقەوە لە موسڵ، دۆسیەی ئەو ئەفسەر و کارمەندە کوردانەی پۆلیسی کەرکوک هەڵدەدرێتەوە کە تۆمەتبارن بە بەشداری کردن لە ڕیفراندۆم و هەوڵی دادگایی کردنیان دەدرێت، بەڵام زۆربەی ئەفسەرەکان چوونە دادگا ڕەتدەکەنەوە.

ژمارەی ئەو ئەفسەر و کارکەمەندە کوردانەی لەسەر بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 لەلایەن دادگاوە داواکراون نزیکەی 40 کەسە، کە لیستی ناوەکانیان بە عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک دەست پێدەکات و بە کارمەندێک بەناوی ( کاروان ) کۆتایی بە لیستەکە دێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر لەبارەی داواکردنیان لەلایەن دادگای هێزەکانی ناوخۆوە لەموسڵ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بە بەشداری کردن لە ڕیفراندۆم تاوانبارکراوین، لەکاتێکدا دکتۆر فواد حسێن ی وەزیری دەرەوە ئەوکات وەفد بوو، بۆ خواحافیزی کردن لە عێراق چووە بەغدا، چەندین وەزیر و پەرلەمانتاریش لەبەغدان و کەس دادگایی ناکرێت، کەچی زووم خراوەتە سەر کۆمەڵێک ئەفسەر و کارمەندی کەرکوک، گوایە بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە."

جەختیشیکردەوە"چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەفدێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی پۆلیسی کەرکوکی کردبوو، تا ناوەکان بەرز نەکاتەوە بۆ دادگای هێزەکانی ناوخۆ لە موسڵ، بەڵام ڕۆژێک دوای چوونی وەفدەکە، ناوەکانیان ناردووە."

عەمید سەرحەد قادر، ڕوونیشیکردەوە ئەو ئەفسەرەی کاتی خۆی زانیاری لەسەر ئەو ئەفسەرانە کۆکردووەتەوە کە بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە، ئەفسەرێکی کوردە، وتی"ئەفسەرێکی کوردی کۆنە بەعسی زانیاری لەسەر کۆکردینەوە، لەکاتێکدا لەسەردەمی بەعس دا کاری خراپی زۆر کردووە، کورد گەڕاوە بۆ کەرکوک عەفوی کرد، کەچی هەر تەجروبەی وەرنەگرت."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر ڕەخنەی لەحکومەتی هەرێم گرت بەوەی خەمساردانە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی ئەفسەرە داواکراوەکانی کەرکوک دا کردووە، کێشەکەی چارەسەر نەکردوون، وتی"تۆمەتی سەر ئەفسەرە کوردەکان بەشداری کردنە لە ڕیفراندۆم، گومان دەکەین حکومەتی هەرێم لەڕووی نەیەت لەسەر ئەم کێشە قسە لەگەڵ وەفدی عێراق بکات."

لەدوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، ژمارەیەک ئەفسەری کورد کەرکوکیان جێهێشتووە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەدەیان ئەفسەری تریش پۆستەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:47 0:00


XS
SM
MD
LG