Accessibility links

ئەوروپاییەکان ئاگاهیدەدەن لەسەر وتووێژەکانی ڤیەننا


پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا
پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا

ئەڵمانیا ئاگاهیداوە سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی لە دامەزراوەی ناتانز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ڕوویانداوە و دەڵێت هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە بۆ وتووێژەکانی لە ڤیەننا دەکرێن بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015کە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات.
ئەو ڕێککەوتنە بە مەبەستی سنوردانان بووە بۆ خواستە ناوکییەکانی ئێران.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەر لە دەستپێکردنی وتووێژەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی ڤییەنا، دەڵێت "ئەوەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا بیستومانە لە تاران، نابنە مایەی بەشدارییەکی ئەرێنیانە بۆ ئەو وتووێژانە و بەتایبەتیش پەرەسەندنەکانی ناو دامەزراوەی ناتانز."

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دەستکراوە بە بەکارهێنانی سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز. ئەم هەنگاوەی ئێران پێچەوانەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015یە. یەک ڕۆژ دواتر وەک تاران ئاماژەی پێکرد وزەی ئەلیکتریک لەو دامەزراوە کوژێندراوەتەوە و ئێران بە کارێکی تێرۆریزم ناودێری کردووە و لۆمەی ئەو کارەشی لە ئەستۆی ئیسرائیل دەنێت.

یەکێتی ئەوروپاش هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگاهیداوە لەسەر لەڕێ لادانی وتووێژەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەمەریکا و ئێران دەکرێن بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە، پاش گوناهبارکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ڕووداوەکەی دامەزراوەی ناوکی ناتانز.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "هەموو هەوڵێکی دەدرێن بۆ بنکۆڵکردن یان لاوازکردنی هەنگاوە دیپلۆماتییەکان لەسەر ڕێککەوتنە ناوکییەکە، ڕەت دەکەینەوە."
ستانۆ لە لێدوانەکەیدا جەختیشی کردۆتەوە لەوەی "ئێمە پێویستمان بە پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانە" لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی دامەزراوەی ناوکی ناتانز.

XS
SM
MD
LG