Accessibility links

تاران، جارێکی تریش ئیسرائیل گوناهبار دەکاتەوە


ژمارەیەک سەنتەرفیوج لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز

کۆماری ئیسلامی ئێران، وڵاتی ئیسرائیل دوژمنە لە مێژینە و سەرسەختەکەی خۆی گوناهبار دەکات بەوەی لە پشت هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ناوکی ناتانزەوەیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە بە دامەزراوەی سەرەکی ئێران دادەنرێت لە بواری ناوکیدا.

دامەزراوەی ناتانز دەکەوێتە نزیک تاران پایتەختی ئێرانەوە و ڕۆژی یەکشەممە وزەی ئەلیکتریکی لێ بڕدرا و ئێران بە کارێکی تێرۆریستانە ناودێری کرد.

تاران دەڵێت لەو ڕووداوەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هەروەها هیچ تیشکدانەوەیەکیش ڕووینەداوە.

ئەم زنجیرە ڕووداوانەش کە زیان لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران دەدەن، پاش چەند ڕۆژێکە لە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لە ڤیەننا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 کە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لێی کشایەوە.

بەڵام سەرۆک جۆو بایدن، دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە ببوژێنێتەوە لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، بەرنامە ناوکییەکەی ئێران سنوردار دەکرێت و لە بەرامبەریشدا سزا ئابورییەکانی لەسەر هەڵدەگیرێن.

ئیسرائیل زۆر بە توندی دژی ئەو ڕێککەوتنە بووە و جەختیش دەکاتەوە لە تێکدانی هەر هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی.

تاران هەمیشە نکوڵی دەکات لەوەی هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکی بێت.

تاران، پێشتر مۆساد، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی گوناهبار دەکرد بۆ هەر هێرشێکی کرابنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی یان شارەزا و پسپۆڕەکانی، بە کوژرانەکەی مانگی یازدەی ڕابردووی موحسین فەخریزادەشەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ئەوە ڕوون و ئاشکرایە ئەم دواترین ڕووداوەش کارێکی تێکدەرانەی ئیسرائیل بووە.

سەعید خەتیبزادە لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "بێگومان ڕژێمی زایۆنیزم بەو کردارەی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە گەلی ئێران بکاتەوە بۆ ئەو پشوو درێژی و هەڵوێستە ژیرانەی هەیبووە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان."

هەر لەو لێدوانەیدا، خەتیبزادە پەیمانی لەسەر وەڵامدانەوەی ئێران داوە وەک دەڵێت "بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڕژێمی زایۆنیزم، لەو کات و شوێنەی ئێران خۆی هەڵیاندەبژێرێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئەگەر مەبەست لەو کارە تێکدانی هەوڵەکان بێت بۆ لابردنی سزاکان، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەو ئامانجە ناگەن."

ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا لە زاری موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە دەڵێت "تاران ڕێگەنادات ئەو هێرشە کاریگەری بکاتە سەر وتووێژەکانی ڤیەننا، و ئێرانیش ناکەوێتە ناو ئەو تەڵەیەی ئیسرائیل ناویەتەوە."

ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لەو ڕووداوەی دامەزراوەی ناتانز ڕانەگەیاندووە، بەڵام میدیاکانی دەوڵەتی جوو ئاماژەیان بە دەستهەبوونی دامەزراوە ئاسایشییەکانی ئیسرائیل کردووە.

XS
SM
MD
LG