Accessibility links

شاندێکی باڵای لیبیا سەردانی تورکیا دەکات


عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری لیبیا
عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری لیبیا

شاندێکی لیبیایی بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید دبیبە، سەرۆکی حکومەتی لیبیا، سەردانی تورکیا دەکات.

بڕیارە ئەم سەردانە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێبکات، وەک ئاژانسی دەنگ و باسی ئەناتۆڵیا بڵاویکردۆتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە کۆشکی کۆماریی پێشوازی لە شاندە 15 ئەندامییەکەی لیبیا دەکات. ئەم شاندە بریتیە لە وەزیر و 13 وەزیر و هەروەهاش سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی لیبیا.

هاوکاتی ئەم سەردانە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوکاری ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت. ئانکەرە ئەم ئەنجومەنەی دروستکردووە، بە مەبەستی وتووێژکردن لەسەر پەیوەندییە دوولایەنیەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستی باڵادا.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کاربەدەستانی لیبیایی وتووێژیش دەکەن لەسەر تەواوی ڕێککەوتنە مۆرکراوەکانی نێوان ئانکەرە و تەرابلوس.

تورکیا، پشتیوانکاری سەرەکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بوو لە تەرابلوس کە بەرەنگاری ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر دەبووەوە. ڕوسیا پشتیوانی لە ژەنەراڵ حەفتەر دەکرد. ئانکەرە دەستیکرد بە ناردنی هێزی سەربازی خۆی بۆ لیبیا، پاش ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی ویفاقی نیشتمانی لیبیادا مۆری کرد.

پاش چەند ساڵێکی ناسەقامگیری لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی موعەمەر ئەلقەزافی، لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەیەکی یەکگرتوو هەڵبژێردرا بۆ ڕیبەرایەتیکردنی وڵاتەکە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن دەکرێت، وەک بڕیارە لە مانگی 12ی داهاتوودا ئەو هەڵبژاردنە بکرێت.

لە مانگی 12ی ڕابردوودا، باڵیۆزی کارگێڕی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تورکیا و ڕوسیا کرد دەستبەجێ هێزەکانیان لە لیبیا بکشێننەوە.

XS
SM
MD
LG