Accessibility links

100ەمین ساڵیادی دامەزراندنی شانشینی ئوردون و کێشەکانی بنەماڵەی پادشایەتی


شا عەبدوڵا و شازادەکانی ئوردون هاوکاتی سەردانی مەزارەکانی پادشاکانی پێشووی وڵاتەکە
شا عەبدوڵا و شازادەکانی ئوردون هاوکاتی سەردانی مەزارەکانی پادشاکانی پێشووی وڵاتەکە

پێدەچێت کیشەکانی ناو بنەماڵەی شاهانەی شانشینی ئوردن بەرەو ڕەواندنەوە بڕۆن هاوکاتی 100ەمین ساڵیادی دامەزراندنی شانشینەکە.
شا عەبدوڵا و شازادە حەمزە، پێکەوە لەم ساڵیادەدا چوونە سەر مەزاری پادشاکانی ئوردون.
شازادە حەمزە لە هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە گوناهبارکرا بەوەی هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری شانسینی ئوردونی داوە.
هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئوردون، ئاماژەیان بەوە دەکرد شازادە حەمزە، زڕبرای شاعەبدوڵا، هەوڵی کودەتای داوە و لە دەرەوەی شانشینی ئوردونیشەوە کۆمەک کراوە.

دەسەڵاتداران پاش ئەوەی فرمانی دەستبەسەرکردنی شازادە حەمزە دەدەن لە کۆشکەکەی خۆیدا لە عەمان، بەلانیکەم 20 کەسی تر دەستگیردەکەن.

دیوانی پادشایەتی ئوردون لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا وێنەی پادشا و شازادە حوسەین شازادەی تاج و شازادە حەمزە پێکەوە بڵاودەکاتەوە هاوکاتی سەردانەکەیان بۆ مەزاری پادشاکانی وڵاتەکە.

ئاهەنگ گێڕانی گەورە لەم ساڵیادەی دامەزراندنی وڵاتی ئوردوندا نەکراوە هاوکاتی تێپەڕینی وڵاتەکە بە خراپترین قەیرانەکانی مێژووی خۆی، بەهۆی ئەو ناکۆکییە بێپێشینانەی لەناو بنەماڵەی پادشایەتی سەریهەڵداوە.

شا عەبدوڵا، ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "فیتنە نەماوە" و شازادە حەمزە لەگەڵ خێزانی خۆیدایە لە کۆشکەکەی و وەک دەڵێت "لەژێر سەرپەرشتی خۆمدا."

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی دیوانی پادشایەتی بڵاویکردۆتەوە، شازادە حەمزە لە پەیامێکدا دەڵێت "خۆم دەخەمە بەردەستی پادشای خاوەن شکۆ، جەخت دەکەمەوە لەسەر هەمان ڕیبازی باو و باپیرانمان بمێنمەوە و دڵسۆز بم بەرامبەر میراتەکەیان و لەسەر ڕێبازی ئەوان بڕۆم و دڵسۆزی ڕێبازەکەیان و ڕێبازی پادشای خاوەن شکۆ بم."

ئەم هێوربوونەوەیەی ڕەوشی بنەماڵەی پادشایەتی ئوردون، لەسەر داوای شازادە حەسەن بن تەڵاڵ، برای شا حوسەین بووە.

شازادە حەسەن، تەمەن 74 ساڵ، بۆ ماوەی نزیکەی 34 ساڵ شازادەی تاج بووە لە شانشینی ئوردون.

XS
SM
MD
LG