Accessibility links

کوژاندنەوەی وزەی ئەلیکتریک لە دامەزراوەی ناتانز


وێنەیەکی بەشی سەر زەوی دامەزراوەی ناوکی ناتانز لە ئێران
وێنەیەکی بەشی سەر زەوی دامەزراوەی ناوکی ناتانز لە ئێران

وزەی ئەلیکتریک دەبڕدرێت لە دامەزراوەی ناتانز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەندامێکی پەرلەمانی ئێرانیش بە کارێکی تێکدەرانە ناودێری دەکات.

بیهرۆز کەمالوەندی، وتەبێژی دامەزراوەی ناوکی ئێران بە ئاژانسی دەنگ و باسی فارس ڕادەگەیەنێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە وزەی ئەلیکتریک لە بەشێکی ناتانز کوژاوەتەوە و هێشتا نازانرێت هۆکارەکەی چییە."

دامەزراوەی ناتانز، یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران و ئەو ئامێرانەی لەو دامەزراوەدا هەن، بەپێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 قەدەغەن، بەشە گرنگ و هەستیارەکانی ئەم دامەزراوە ناوکییە لەژێر زەویدان.

کەمالوەندی، هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە ئایا وزەی ئەلیکتریک تەنها لە بەشی پیتاندنی ئەو دامەزراوە ناوکییەدا کۆژاوەتەوە یان لە تەواوی دامەزراوەکەدا، بەڵام دەڵێت "کوژانەوەی وزەی ئەلیکتریکەکە نەبۆتە مایەی مردن یان برینداربوونی هیچ کەسێک و نەشبۆتە مایەی ناسازی ژینگە و لە ئێستادا هەر ئەوەندە زانیاری هەن و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن."

لەسەر ئەم ڕووداوە، مالیک شەریعەتی، وتەبێژی لیژنەی وزە لە مەجلیسی شورای ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ئەم ڕووداوەی هاوکاتی ڕۆژی نیشتمانی تەکنەلۆژیای ناوکی و هاوکاتی هەوڵی ئێرانیش بۆ ناچارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا تا سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگرن، گومانێکی زۆری لەسەرە کە کارێکی دزەکردن و تێکدان و گێرەشێوێنی بێت."

ئمێشای شتاین، ڕۆژنامەوانی ئێستگەی ئیسرائیلیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "لەوبڕوایەداین ئەو کێشە ئەلیکتریکییەی لە ناتانز هەیە، بەرەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل بێت." بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەی.

لە سەرەتای مانگی 7ی ڕابردوودا، لە کارگەی پێکەوەبەستنی ئامێرەکاندا لە دامەزراوەی ناتانز، تەقینەوەیەک ڕوویدا و زیانێکی زۆریشی دابوو. دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەیانگوت "ئەوەی ڕوویدا کارێکی تێکدەرانە بووە و سەرچاوەکەیشی تێرۆریزمە."تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئێران ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیان لەو تەقینەوەیە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام دوای تەقینەوەکە، تاران ئاگاهی دا بە ئەمەریکا و بە ئیسرائیل لە هەر کارێکی بە "دوژمنکارانە" ناودێری دەکرد.

ڕۆژی شەممە، سەرۆکی ئێران لەڕێی ڤیدیۆییەوە کارگەیەکی پێکەوەبەستنی سەنتەرفیوجی بەسەرکردۆتەوە و لە هەمان کاتیشدا فرمانیداوە بۆ کارپێکردن یان تاقیکردنەوەی 3 کۆمەڵەی نوێی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج.

تاران بەردەوام نکوڵی دەکات لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بۆ مەبەستی لەشکریانە بێت و هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکیش بدات. حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی شەممە جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی وەک دەڵێت "تەواوی جموجۆڵە ناوکییەکانی ئێران بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە."

بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەڕەشە و مەترسی دادەنێت لەسەر بوونی دەوڵەتی جوو و هەروەها تارانیش بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی گوناهبار دەکات.

ڕۆژی سێشەممە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیادا لە ڤیەننا کۆبووەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش گێڕانەوەی ئێرانە بۆ وابەستەبوون بە ڕیککەوتنە ناوکییەکەوە.

نەتەنیاهۆ دەڵێت " هەرچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا دەبێتە مایەی زەمینە ڕەخساندن بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی و ئێرانیش لە هەر بارێکدا بێت وابەستەی ئەو ڕێککەوتنە نابێت."

سەرەک وەزیری ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕێککەوتنی ڤیەننادا نەبووە و بەردەوامیش جەختیکردۆتەوە لەوەی هیچ متمانە و دڵنیاییەکی تەواوەتی ئاسایشیانە نادات بە ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG