Accessibility links

حوسییەکان لە دوو بەرەوە لە پێشڕەویدان


بەلانیکەم 70 سەرباز و چەکداری سەرهەڵداوان لە یەمەن کوژراون لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

بەپێی لێدوانی 2 گەورە سەرکردەی لەشکریی، شەڕەکان لە نزیک شاری مەئربی ستراتیژییەوە ڕوویانداوە و ئەم شەڕانەش هاوکاتی هێرشی بەرفراوانی حوسییەکان بووە بۆ سەر دوا پێگەکانی حکومەتی وڵاتەکە لە باکوری یەمەن.

ئەو 2 کاربەدەستە لەشکرییەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندووە، شەڕی قورس لە 3 بەرەوە هەبووە و سەرهەڵداوان توانیویانە لە دوو ئاڕاستەوە پێشڕەوی بکەن بەڵام لە ناوچەی "جەبەل موراد"ەوە شکستیان هێناوە لەوەی هیچ پێشڕەوییەک بکەن.

یەکێک لەو دوو سەرکردە لەشکرییە دەڵێت "فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، 12 چەکی قورسی وەک تانک و تۆپی حوسییەکانیان تێکشکاندووە."

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە، حوسییەکان کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، لە هەوڵدان تا دەستبگرن بەسەر شاری مەئربدا. شاری مەئرب لە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوتی وڵاتەکەدایە و وە ئەگەر بێتوو حوسییەکان دەستبگرن بەسەر ئەو شارەدا ئەوا یانی کۆنترۆڵی تەواوەتی باکوری وڵاتەکە دەکەن.

حوسییەکان دەیانەوێت دەست بەسەر ئەو شارەدا بگرن بەر لەوەی بچنە هیچ وتووێژێکەوە لەگەڵ حکومەتی یەمەندا، هاوکاتی فشارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانەی قەیرانی یەمەن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئاماژەی پێکردووە "شەڕی مەئرەب دەبێتە مەترسی بۆسەر یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە و هەڕەشەشە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی دەدرێن" هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی ئەو هاوڕاییەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی لە مێژینەی یەمەن.

XS
SM
MD
LG