Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕێککەوتنەکان لە نێوان حوکمڕانی باش و خراپدا


بە هەر شێوازێک بێت، دواجار ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بودجەی ساڵی 2021ی وڵاتەکەیان پەسەندکرد هاوکاتی قەیرانی قوڵی ئابوری و دارایی عێراق.

بێگومان ئەم قەیرانە ئابوری و داراییەی عێراق هۆکاری زۆری هەن، لەوانە دابەزینی نرخی نەوت کە عێراق پشتێکی گەورەی پێدەبەستێت بۆ بودجەی ساڵانەی، هەروەها دۆسێکانی تایبەتیش بە گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن و دارایی و هتد.

پاش چەند مانگێک لە هاتوچۆ و سەردانی بەردەوامی شاندی هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆبوونەوە و وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوو لا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دۆسێ ئاڵۆزەکانی نێوانیان، لەوانە دۆسێی نەوت و هەروەها داهاتەکانی تری هەرێمەکە.

ئەمەش ئەو ڕێککەوتنەیە کە یاسادانەران و کاربەدەستانی کوردیش بەو هەنگاوە ناودێری دەکەن و وەک دەڵێن دەشێت گرفت و پشێویەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو هێوربوونەوە ببات، لە کاتێکدا هێشتاش نازانرێت ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان هەردوو ئەگەری جێبەجێکردن و جێبەجێنەکردندا چیی بەسەردێت و ئایا چارەنوسی ئەم دواترین ڕێککەوتنەش وەک ئەوانی پێش خۆی دەبن یان نا؟!


میوانی بەرنامە:

چیمەن ساڵح، نوسەر و لیکۆڵەر

هەرچۆنێک بێت بەپێی ئەم ڕێککەوتنە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ ڕۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حکومەتی نێوەندی بەپێی ئەو نرخەی کۆمپانیای نەوتی عێراق "سۆمۆ" دیاریدەکات.

هەولێر و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەوراز و نشێوی پەیوەندییەکانیان لەچەند سەروەختێکی جیاوازدا دەگەیشتە ئاستەکانی دابڕان. زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان هەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی نێوەندیش ئەوەندە پەیوەندییەکی تۆکمە نەبووە کە بگوترێت هەردوولایان دەتوانن پێکەوە ببنە خاوەن کارنامەیەکی هاوبەش بۆ ئایندەی وڵاتەکەیان.

ئەم بودجەیە وەک ئابوریناسان ئاماژەیان پێکردووە، کەموکوڕی تیادا هەیە و بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە داهاتی وڵاتەکەوە کە بەشە هەرە سەرەکییەکەی داهاتی نەوتە و ئەوجاش خەرجییەکان و نرخی دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریکاییدا.

لە ئێستادا ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو شەڕە میدیاییەیە لەسەر ئەوەی کێ هەڵگری وەک دەگوترێت ئەم "مەشخەڵی سەرکەوتنەی پەسەندکردنی بودجەیەیە."

ئایا ئەم ڕێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێدەکرێت، یان وەک ڕێککەوتنەکانی پێشتر نرخی نەوت بڕیاردەردەبێت؟

ئایا پەسەندکردنی بودجەی عێراق دەبێتە مایەی کرانەوەی دەروازەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان؟

بۆچی لە عێراقدا دۆسێی بودجە دەکرێتە دۆسێیەکی سیاسی؟

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، چەندێک پەیوەندیی هەیە بە حوکمڕانی باش و خراپەوە؟

هەولێر و بەغدا بەپێی پێوانەکانی حوکمڕانی باش و خراپ، لە کوێدان؟
چیمەن ساڵح، نوسەر و لێکۆڵەر، نوسەری کتێبی "بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی" وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیارەکانی تری ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:23 0:00


XS
SM
MD
LG