Accessibility links

سەرکۆ گەڵاڵی: جێگری حکومەت و بەرپرسانی یەکێتی دەستوەردانیان لە نەوتی گەرمیاندا نەکردووە


پاڵاوگەی نەوت

بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هاوسەرۆکانی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت دەستوەردانیان لە کێشەکانی نەوتی حەسیرەی گەرمیاندا نەکردووە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە لەسەر کێشەکانی نەوتی ئەو ناوچەیە، نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم کردووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری یەکێتی و بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت" ئەو ڕێگەپێدانەی کۆمپانیای گازپرۆم کردوویەتی و گواستنەوەی نەوتی گەرمیانی داوەتە ئەو کۆمپانیا نایاساییە، داوامانکردووە لەسەر تەندەرینی پێشوو یان تەندەرینی تازە بکرێت، چونکە جیاوازی پارەکە زۆرە، لەوە دەچێ کۆمپانیا هەبێ بە 16 یاخود 19 دۆلار کاری گواستنەوە بکات، کەچی بە 27 دۆلار دراوە بەو کۆمپانیا، ئەمە بەهەدەردانی گەورەی سامانی گشتیە."

پێشتر دابان محەمەد ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، جێگری حکومەت و بەرپرسانی یەکێتی بە دەستوەردان لە تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی گەرمیان تۆمەتبارکرد، بەڵام سەرکۆ گەڵاڵی ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" من ڕاوێژم لەگەڵ سەرووی خۆم کردووە، قسەی ئەو پەرلەمانتارانە ڕەتدەکەمەوە، چونکە من ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیم، دژی پێدانی گواستنەوەی نەوتیشم بەو کۆمپانیا، کە بە 27 دۆلار کاری گواستنەوە دەکات، حزبیش پێیانوتین: چۆن کار دەکەن بیکەن و با گواستنەوەی نەوتەکە بە یاسا بێت."

سەرکۆ گەڵاڵی درێژەی بە قسەکانی داو ڕوونیکردەوە، هاوسەرۆکانی یەکێتی دەستوەردانیان نەکردووە و پشتیوانی ئەوان، تا هەوڵبدەن شتەکان بە ڕێکاری یاسایی بن، وتی" کاک قوبادیش تەداخولی کردووە، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نیە، ئەوە کاری سامانە سروشتیەکانە، کە بەڕێوەبەرایەتیان لە سلێمانی هەیە و ئەوان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوت دەکەن."

سەرکۆ گەڵاڵی بڕیاردەی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشیکرد فشاریان کردووە، تا کاری گواستنەوەکە بە تەندەرین ئەنجام بدرێت، وەزارەتیش نیگەران بوون لەوەی ڕاگرتنی نەوتی گەرمیان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ زیانی بەداهات گەیاندووە.

سەرکۆ گەڵاڵی، ناوەڕۆکی نوسراوێکی لیژنەکەشیانی بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، وتی"لە نوسراوێکدا بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، ئاماژەمان بەوەکرد کە چەند ڕۆژێک بەهۆی ناکۆکی لەسەر گواستنەوەی، نەوتی گەرمیان ڕاگیرا، لیژنەکەمان پێیوایە دەبێت بەشێوەی یاسایی ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت، ڕێگەی دروستیش ئەوەیە بکرێتە تەندەر و بدرێتە هەر کۆمپانیایەک بە کەمترین نرخ دەیگوێزێتەوە، یاخود حکومەت خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەکە بکات، پێدانی ڕاستەوخۆ بەهەر کۆمپانیایەک، زیان بە داهاتی گشتی دەگەیەنێت."

بەهۆی دروستبوونی گرفت لە نێوان چەند کۆمپانیایەک، بۆ ماوەی 5 ڕۆژ ناردنە دەرەوەی نەوتی کێڵگەکانی حەسیرەی گەرمیان ڕاگیرا، کە ڕۆژانە 33 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، ئەمەش کێشمەکێش و مشت و مڕی بەدوای خۆیدا هێنا.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00


XS
SM
MD
LG