Accessibility links

پوتن بەرنوسی مانەوەی لە سەرۆکایەتیدا مۆر دەکات


ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا دوا پەسەندکردنی خۆی داوە لەسەر بەرنوسێک کە بۆ دوو گەڕی تری 6 ساڵی لە پۆستەکەیدا دەیهێڵێتەوە و بەمەش دەشێت تا ساڵی 2036 وەک سەرۆکی ڕوسیا بمێنێتەوە.

ڤلادمیر پوتن، تەمەن 68 ساڵ کە تا ئێستا زیاتر لە 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو بەرنوسەی مۆر کردووە، بەپێی ئەو نوسراوە مۆرکراوەی لە زانیارییە گشتییە یاساییەکانی حکومەتی ڕوسیادا دانراوە.

سەرۆکی ڕوسیا لە ساڵی پاردا پێشنیازی ئەو گۆڕانکارییەی کرد وەک بەشێک لە چاکسازی لە دەستوردا، ڕوسیاییەکان لە مانگی 7ی ڕابردوودا بە تێکڕای دەنگ ئەو گۆڕانکاریانەیان پەسەند کرد و یاسادانەرانی وڵاتەکەش لە مانگی ڕابردوودا پەسەندیان کرد.

لەو بەرنوسەدا، گەڕی سەرۆکایەتی لە ڕوسیادا گۆڕاوە و ڕێگەدراوە پوتن بۆ دوو گەڕی تری سەرۆکایەتی خۆی هەڵببژێرێتەوە. ساڵی 2024 ئەم گەڕی سەرۆکایەتییەی ئێستای تەواو دەبێت.

پوتن بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2000دا وەک سەرۆکی ڕوسیا هەڵبژێردرا و دوو جار لەسەر یەک بووە سەرۆکی وڵاتەکەی. دیمتری میدڤێدێڤ، هاوپەیمانی پوتن لە ساڵی 2008دا جێی گرتەوە لە کاتێکدا ڕەخنەگران وەهایان دەبینی جۆرێکە لە یاریکردن بە وادەی دوو گەڕی دیاریکراو بۆسەرۆکایەتی ڕوسیا.

XS
SM
MD
LG