Accessibility links

ناڤاڵنی نەخۆشە و بەردەوامیشە لە مانگرتن لە خواردن


ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگری زیندانیکراوی کرملن، ڕایدەگەیەنێت کۆکەیەکی زۆر و تایەکی زۆریشی هەیە بەڵام بەردەوامیش دەبێت لەو مانگرتنە لە خواردنەی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند تا خزمەتگوزارییەکی گونجاوی تەندروستی بۆ دابین بکرێت.

ناڤاڵنی تەمەن 44 ساڵ ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو مانگرتنەکەی خۆی ڕاگەیاند و گازەندەی لە پزیشکێکی زیندانەکەی دەکرد چونکە دەرمانی ئازار شكاندنی دابوویێ وەک چارەسەری تەندروستی بۆ ژانی قورسی پشتی و سڕ بوونی قاچی.

ڕۆژی 5شەممەش، تیمە تەندروستییەکەی ناڤاڵنی ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە بەر لە ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، 8 کیلۆگرام کێشی ناڤاڵنی دابەزیوە بەهۆی نەخەوتنەوە.

لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام، ئەمڕۆ دووشەممە ناڤاڵنی باسی لە نەخۆشی تر کردووە.

ناڤاڵنی دەنوسێت "لەسەر بنچینەی زانیارییەکان، کۆکەیەکی قورس و پلەی گەرمایی 38.1 سەدییە و بێگومان بەردەوامیشم لە مانگرتنەکەم لە خۆراک."

بڕیاری 2 ساڵ و نیو زیندانیکردن بەسەر ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی ڕوسیادا دراوە لەسەر تاوانێکی کۆنی فێڵکردن و لە گرتوخانەیەک دانراوە لە دوریی نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە، ئەو گرتوخانەیە بە ڕێوشوێنە توندەکانی ناسراوە.

وێنەیەکی دەرەوەی ئەو زیندانەی ئەلێکسی ناڤاڵنی لێدانراوە
وێنەیەکی دەرەوەی ئەو زیندانەی ئەلێکسی ناڤاڵنی لێدانراوە


ئەم دواترین ڕاگەیەندراوەی ناڤاڵنی پاش هێرشە میدیاییەکانی سەر بە کرملن بوون لە ڕۆژی هەینیدا تا گازەندەکانی پەسەند نەکرێن لەسەر خراپی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا و هەروەهاش نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی.

دوو ڕاپۆرت لە میدیاکانی سەر بە کرملندا وەها ئاماژەیان پێکردووە کە ناڤاڵنی لە بارێکی زۆر ئاساییدایە و دەشڵێن لە گرتوخانەیەکی تایبەتی نمونەییدایە.

لە نوسینەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ناڤاڵنی دەڵێت "ئەو ڕاپۆرتانە هیچ وشەیەکی ڕاستیان تیادا نییە." و دەشنوسێت لەوەتای مانگی 2وەوە کە لەو زیندانە دانراوە لە سەرجەم ئەو 15 کەسەی لە ژووری گرتوخانەکەیدان، سێ کەسیان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە بەهۆی نەخۆشی سیلەوە و دەشنوسێت "سەرم سوڕماوە لەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لەم زیندانە نمونەییەدا نییە."

هاوکاتی گەڕانەوەکەی مانگی یەکی بۆ ڕوسیا، ناڤاڵنی دەستگیر دەکرێت پاش ئەوەی لە ئەڵمانیا چارەسەری ژەهراویبوونەکەی بۆ کرا. ناڤاڵنی لۆمەی ئەو ژەهراویبوونەی لە ئەستۆی کرملن دەنێت.

XS
SM
MD
LG