Accessibility links

لافاو و قوڕ و لیتە کارەساتیان هێناوەتە ئاراوە لە ئیندۆنیزیا و تیموری ڕۆژهەڵات


ئەو با و بارانە وەرزییەی لە ئیندۆنیزیا و تیموری ڕۆژهەڵاتی داوە و بۆتە مایەی لافاو و هەرەسی زەوی و بەهۆیشیەوە بەلانیکەم 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی تریش بێسەروشوێنن.

باران و باڕەشێکی ئێجگار توند کارەساتێکی تری لەو وڵاتانەی ڕۆژهەلاتی کیشوەری ئاسیادا هێناوەتە ئاراوە و زۆرێکیش لە ناوچەکان پڕبوون لە قوڕ و لیتە و درەختەکانیشی لە ڕەگەوە هەڵکێشاوە و هەزاران کەسیش پەنایان بردۆتە بەر شوێنە تایبەتەکانی داڵدەدان.

دەزگای کارەساتە سروشتییەکانی ئیندۆنیزیا دەڵێت "وەها چاوەڕوان دەکرێت باران بارینی بە خوڕ تا سبەی سێشەممەش بەردەوام بێت لە کاتێکدا ئەم باو بۆرانە وەهایان کردووە شەپۆلەکانی دەریا 6 مەتر بەرزبن."

ئەم زریانە کە هەروادێ و هێزەکەی زیاتر دەبێت و بەرەو کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئوستورالیا دەڕوات، وەهای کردووە گرفت و تەگەرەش دروست بکات لەبەردەم هەوڵە فریاگوزارییەکاندا.

لە ئیندۆنیزیا بەلانیکەم 86 کەس گیانیان لەدەستداوە و 71 کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن. لە تیموری ڕۆژهەڵاتیش کە نیمچە دوڕگەیەکی بچوکی نێوان ئیندۆنیزیا و ئوستورالیایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی یەک ملیۆن و سێسەد هەزار کەسە، 27 کەس گیانیان لەدەستداوە.

شاری دیلی، پایتەختی تیموری ڕۆژهەڵات بە ئاو داپۆشراوە و بەردەمی کۆشکی سەرۆکایەتیش بە لیتە و قوڕاو داپۆشراوە.

لە ناوچەی فلۆریسی ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا، قوڕ و لیتە چۆتە ناو ماڵەکان و پرد و ڕێگەوبانەکانیشی داپۆشیوە.

وێنەکانی دەزگای فریاگوزاری ئیندۆنیزیا بڵاوی کردوونەتەوە، نیشانی دەدەن، کارگوزاران بە شوێن تەرمی قوربانییەکاندا دەگەڕێن و دوای دۆزینەوەیان دەیانخەنە ناو کیسەی تایبەتی مردووانەوە.

لە لیمباتا کە دوڕگەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی فلۆریسە ئاو چەند بەشێکی لە گوندەکانی بنار چیا ڕاماڵیوە تا کەنار دەریا.

XS
SM
MD
LG