Accessibility links

شەڕ و خوێنڕشتن لە دارفور هەر بەردەوامە


دانیشتوانی ئاوارەی دارفور بەهۆی قەیرانە خوێناوییەکانی ناوچەکەوە
دانیشتوانی ئاوارەی دارفور بەهۆی قەیرانە خوێناوییەکانی ناوچەکەوە

شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی پڕ لە گێرمە و کێشەی دارفور لە سودان بوونەتە مایەی کوژرانی بەلانیکەم 18 کەس و برینداربوونی 54 کەس، بەپێی لیژنەی پزیشکانی خۆجێیی لەو ناوچەیەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو لیژنەی پزیشکانەدا، ئاماژەکراوە بە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ناوچەی دارفور و دەڵێت "18 کەس کوژراون و 54 کەسیش بریندارن و لە نەخۆشخانەی فێرگوزاری ئەلجنینە تیمار دەکرێن."

گەواهدەرێک بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە"ئەمڕۆش دووشەممە دەنگی تەقە دەبیسترێت و شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و گەیشتوشنەتە نزیک شارۆچکەی ئەلجنینە."

کۆمیتەی پزیشکانی دارفوری ڕۆژئاوا بەشێکە لە نێوەندێکی سەرانسەری وڵاتەکە و لە ساڵی 2016دا دامەزراوە و نوێنەرایەتی بواری تەندروستی سودان دەکات و دەڵێت هاوکاتی شەڕەکان، هێرشیش کراوەتە سەر ئەمبۆلانسێکی بریندارەکانی دەگواستەوە و دەشڵێت هێشتاش قوربانییەکان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانەکان.

زۆربەی ناوچەکانی دارفور بوونەتە مەیدانی قەیرانێکی ئاڵۆز و قورس کە لە ساڵی 2003وە سەریهەڵداوە و تا ئێستا نزیکەی 300 هەزار کەس لەو قەیرانەدا کوژراون و 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بە تێپەڕبوونی کات ئەو قەیرانە بەرەو هێوربوونەوە چووە، بەڵام پێکدادانی تیرە و نەژادەکان لەو ناوچەیەدا لەسەر خاک و دەستڕاگەیشتن بە ئاودا درێژەی هەیە. زیاتریش شوانکارە عەرەبەکان هۆکاری ئەم شەڕ و پێکدادانانەن دژ بە وەرزێر و جوتیارە غەیرە عەرەبەکانی لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن.

لە مانگی یەکی ڕابردوودا، زیاتر لە 200 کەس کوژراون لە ئاکامی شەڕی تیرەکان و بە خراپترین خوێنڕژان دادەنرێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووی ناوچەکەدا.

سودان لە سەروەختێکی سەختی قۆناغی گواستنەوەدایە، پاش ڕوخاندنی ڕژێمەکەی عومەر ئەلبەشیر لە ساڵی 2019دا لە ئاکامی ئەو خۆپیشاندانانەی دژی فەرمانڕەوایەتی ئەلبەشیر دەکران.

حکومەتی قۆناغی گواستنەوە، هەوڵی ئاشتەوایی داوە لەگەڵ سەرهەڵداواندا لەو ناوچانەی سودان کە قەیرانیان تیادایە بە ناوچەی دارفوریشەوە.

ڕۆژی 31ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئافریکاش، کۆتاییانهێنا بە ئەرکی ئاشتی پارێزی لە دارفور، هەرچەندە دانیشتوانی ناوچەکە ترسیان هەبوو لەوەی توندوتیژیی زیاتر سەرهەڵبدەنەوە.

XS
SM
MD
LG