Accessibility links

10 ئەفسەری باڵای خانەنشین لە تورکیا دەستگیر دەکرێن


دەسەڵاتدارانی تورکیا 10 ئەدمێراڵی پێشووی هێزی دەریایی وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە پاش ئەوەی زیاتر لە 100 ئەفسەری باڵای خانەنشین ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و کاربەدەستانی حکومەتیش ئەو ڕاگەیەندراوەیان بەستۆتەوە بە مێژووی کودەتا لەشکرییەکانی تورکیاوە.

دەستگیرکردنی ئەو 10 ئەدمێراڵە لە تورکیا وەک بەشێکە لەو لێکۆڵینەوانەی سەرۆکی دادپارێزانی گشتی ئانکەرە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکردووە.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنچینەی گومانە، کە ئەو ئەفسەرانە، وەک ئاژانسی دەنگوباسی ئەناتۆڵیا دەڵێت " گەیشتونەتە ڕێککەوتن بە ئامانجی تاوانکردن لە دژی ئاسایشی دەوڵەت و سیستەمی دەستوری وڵاتەکە."

ئاژانسی ئەناتۆڵیا دەڵێت 4 ئەفسەری تریشیان بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە دەستگیر نەکراون بەڵام داوایانلێکراوە و دەبێت لە ماوەی 3 ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆیان بدەنە دەسەڵاتداران.

103 ئەدمێراڵی خانەنشین، ڕاگەیەندراوێکیان مۆرکردووە و تیایدا وابەستەیی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەکانی پسفۆڕ و دەردەنێلەوە کە دەریای ناوەڕاست دەبەستنەوە بە دەریای ڕەشەوە.

بڕوا وایە ئەو 14 ئەدمێراڵە، ڕاگەیەندراوەکەیان ئامادەکردبێت.

ئەم ڕاگەیەندراوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لە تورکیادا هەیە لەسەر بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، بۆ کشانەوەی وڵاتەکە لە پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی ژنان. ئەم بڕیارەی ئەردۆغان وەهای کردووە کە دەشێت تورکیا لە پەیماننامەکەی ساڵی 1936یمۆنترو بکشێتەوە.

پلانەکانی سەرۆکی تورکیاش بۆ دروستکردنی ڕێگەیەکی ئاوی لە باکوری ئەستانبوڵ کە لەوانەیە پسفۆڕ تێبپەڕێنێت، مشتومڕێکی تری دروستکردووە لەسەر پەیماننامەی مۆنترو.

ئەدمێراڵە خانەنشینەکانی تورکیا لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن "کشانەوە لە پەیماننامەی مۆنترو پەسەندکراوە، چونکە بۆتە ڕاستییەک و کراوەیە بۆ وتووێژ لەسەرکردن وەک بەشێک لەو وتووێژانەی لەسەر کەناڵی ئەستانبوڵ دەکرێن و هەروەهاش لەسەر دەسەڵاتی کشانەوە لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانیش."

ئەم ڕاگەیەندراوەش، کاردانەوەیەکی توندی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیای بە دوای خۆیدا هێنا و هەروەها کاربەدەستانی حکومەتیش، وە ئەم ڕاگەیەندراوەیان بەستەوە بەو لێدوانانەی بەر لە کودەتا لەشکرییەکانی تورکیا دەدران.

XS
SM
MD
LG