Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: سەرهەڵدانەوەی تێرۆریزم لە عێراق و سوریادا


جموجۆڵەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هەروادێ و زیاتر دەبن لە عێراق و لە سوریاشدا.
ئەم زیادبوونی جموجۆڵانەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی گەڕانەوەی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە ستراتیژیەتێکی نوێی کردە چەکدارییەکانیانەوە.

ئەوەی زۆرێک لە شیکەرەوە هاوڕان لەسەری، ئەوەیە کە لەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوودا پاش شکستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتیش لە سوریا و عێراقیش، داعش لە خۆڕێکخستنەوەدایە، بەڵام بەبێ ئەوەی بزانرێت وردەکارییەکانی ئەو خۆڕێکخستنەوانە چین و چۆنیشن.

هەرچۆنێک بێت هەر زوو دەگوترا؛ بەڵێ داعش شکستی هێنا، بەڵام ئایدیۆلۆژیەتی داعش و هاوشێوەکانی داعش بەردەوامە و درێژەی هەیە.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم تۆڕە تێرۆرکارییە جیهانییە مایەی مەترسییە بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش.

ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعشدا، کۆبوونەوەیەکی ڤێدیۆییان کرد و جارێکی تریش هاوڕایی و سووربوونی خۆیان وەک هاوپەیمانێتی ڕاگەیاندەوە بۆ بەردەوامی بە شەڕی دژی داعش لە سوریا و لە عێراقیشدا و هەروەهاش وەک لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە، جەخت کراوەتەوە لە ڕەخساندن و هێنانە ئارای ڕەوشێکی گونجاو بۆ لەناوبردنی داعش و ڕێکخراوەکانی تری هاوشێوەی داعش.

میوانی بەرنامە:

بەهمەن تاهیر نەریمان، نوسەر و شارەزای بواری ئیسلامی سیاسی و تێرۆریزم.

ئەندامانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی سێشەممەیهاوپەیمانێتیـیەکەدا جگە لەوەی جەختیان لە ئامانجی هاوبەشیان کردەوە بۆ لەناوبردنی داعش، باسیان لە پاراستنی خەڵکی سیڤیل کرد لەو شيڕانەدا بە تایبەتیش ژنان و منداڵان.

سەبارەت بە سوریا، هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش، پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری سیاسیانە لە سوریادا دووبارە کردەوە.

هاوکاتی دەوڵەتە خەلافەتیەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی بە هەزاران کەسی سیڤیل کوژراون.

دەکرێت بگوترێت "شەڕی دژی تێرۆریزم" بۆتە بەشێکی گەورە و گرانی سیاسەتی دەرەوەیی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بەڵام دەشبێت بڵێین هێشتا هاوڕایی نییە لەسەر پێناسەیەکی هاوبەش بۆ تێرۆریزم لە ولاتانی جیهاندا، هەر بۆیەشە دەکرێت بگوترێت لەم شەڕەی دژی تێرۆریزمدا کێشە و گرفتیش هەن.

یاساکانی دژە تێرۆر لە زۆر وڵاتدا هەن، لێرەشدا وەک چاودێر ئاماژەی پێدەکەن، لە هەندێک لەو وڵاتانەدا ئەو یاسایانە هێندەی ئەوەی بۆ سەرکوتکردنی جودابیرانی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت، هێندە بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم بەکارنەهێنراوە.

*بۆچی تا ئێستا پێناسەیەکی هاوبەش لە نێوان وڵاتاندا نییە بۆ دیاردەی تێرۆریزم؟

*گۆڕانکاری لە سیستەمەکانی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتی و پەروەردەدا، چەندێک گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمدا؟

*ئایا گوتاری میانڕەوی ئاینی دەتوانێت بەرەنگاری گوتاری توندڕەوی ئاینی ببێتەوە؟

*هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش دەتوانێت چیی زیاتر بکات بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم؟

بەهمەن تاهیر نەریمان، نوسەر و شارەزای بواری ئیسلامی سیاسی و تێرۆریزم، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:31 0:00


XS
SM
MD
LG