Accessibility links

53 داعش لە ئۆردوگای ئەلهۆل دەستگیر دەکرێن


ئۆردوگای ئەلهۆل
ئۆردوگای ئەلهۆل

هێزە کوردییەکان لە سوریا دەستگیرکردنی 53 کەس ڕادەگەیەنن لە چوارچیوەی هەڵمەتێکی ئاسایشی بێپێشینەدا دژی ئەندامی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لەناو ئۆردوگای ئەلهۆل.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا لەو ئۆردوگایە کوشتن و ڕووداوی تری نەخوازراو ڕوویانداوە.

لەم هەڵمەتەدا 5 هەزار کەس بەشدارییان کردووە و پێکهاتوون لەئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) و هێزە ئاسایشییەکانی کورد.

نزیکەی 62 هەزار کەس لە ئۆردوگای ئەلهۆل دانراون و زۆربەشیان ژن و منداڵن و لە نێویانیشدا هەزاران کەسی بیانی هەن و لە بەشێکی جیاکراوەدا دانراون و لەژێر پاسەوانییەکی تونددان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەیاندا، هێزە ئاسایشییەکانی کورد دەڵێن "53 کەسی سەر بە داعش دەستگیرکراون لەوەتای ڕۆژی یەکشەممەوە کە هەڵمەتە ئاسایشییەکە دەستیپێکردووە و 5 کەسیش لەو گیراوانە بەرپرسی شانەکانی داعشن کە لەناو ئۆردوگاکەدا کاری تێرۆریستی و توندوتیژییان کردووە."

هێزە ئاسایشییەکانی کورد لەم هەڵمەتەیاندا دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک تەلەفونی مۆبایل و کۆمپیوتەریشدا.

سیامەند عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئامێرەکانی ئایپاد و چەقۆ و جانتا و جلوبەرگی سەربازیش لە نێو ئەو کەرەستانەدان کە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەندێکیان لەناو چاڵدا دۆزراونەتەوە."

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندان جار ئاگاهیداوە لەسەر خراپی ڕەوشی ئاسایشی لەناو ئۆردوگای ئەلهۆل.
لیژنەیەکی تایبەتی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێن کە کار لەسەر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و کۆمەڵە جیهادییەکانی تریش دەکات، لە دواترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوە کردبوو " لە ئۆردوگاکەدا توندڕەوی و مەشق و ڕاهێنان و کۆکردنەوەی پارە و هاندان بۆ هێرشكردن هەیە."

لەو ڕاپۆرتەدا نوسراوە"هەندێک لە داعشەکان ئۆردوگاکە بە پاشماوی دەوڵەتی خەلافەت دادەنێن."

مەزڵوم عەبدی، سەرکردەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەینەوە تا هاوڵاتیانی خۆیان ببەنەوە و یارمەتییەکی زیاتری مرۆیی بۆ ئۆردوگای ئەلهۆل دابین بکەن بۆ باشترکردنی ڕەوش و سەقامگیری ئۆردوگاکە."

XS
SM
MD
LG