Accessibility links

ئەوروپاییەکان داوای ڕێککەوتنی نوێ دەکەن لەسەر کۆچبەریی


سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا جەختی لە هاوڕایی نێو ئەندامانی یەکێتییەکە کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران و داواش لە تورکیا دەکات تا دەستبکاتەوە بە وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی لە خاکی تورکیاوە چوونەتە یۆنان و داواکانیان بۆ پەنابەرێتی ڕەتکراونەتەوە.

ئەم لێدوانەی ێڵڤا جۆهانسن هاوکاتی سەردانەکەی بوو بۆ دوڕگەی لێزباس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ئیجە. لەو سەردانەیدا نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان یاوەری بوو. هەردوو کاربەدەست پێکەوە سەردانی دامەزراوەکانی تایبەت بە کۆچبەرانیان کردبوو لە دوڕگەکە و لە دوڕگەی سامۆس.

ئەم سەردانەی جۆهانسن، هاوکاتە لەگەڵ گوناهبارکردنە بەردەوامەکانی یۆناندا بەهۆی وەک دەگوترێت گەڕاندنەوەی نایاساییانەی کۆچبەران و هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ وتووێژی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ چۆنییەتی سەروسەوداکردن لەگەڵ دۆسێی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن.

زۆربەی هەرە زۆری کۆچبەران لە ڕێی دەریاوە دەگەنە وڵاتانی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یۆنان و ئیتالیا و ئیسپانیا.

ئەم 3 وڵاتە و هەروەها وڵاتە دوڕگەییەکانی تری وەک قوبرس و ماڵتا داویانەتە پاڵ ئەو وڵاتانەی لۆبی دەکەن بۆ دابەشکردنێکی زیاتر یەکسانانە لە نێوان ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا.

جۆهانسۆن لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ میتاراچی، ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "ئەوەی لە 6 ساڵی ڕابردوودا بینراوە لە ئەوروپادا، نەبوونی ڕێبازێکی هاوبەشی ئەوروپاییە بۆ کۆچبەریی، ئەمەش یانی ژمارەی ئەو وڵاتانەی لەسەر سنوری یەکێتی ئەوروپان لەژێر فشارێکی گەورەدان و بەتایبەتیش هەندێک وڵات کەوتوونەتە ژێر فشارێکی قورس و گەورەشەوە چونکە چارەسەرییەکی ئەوروپاییمان نییە بۆ دۆسێی کۆچبەران."

جۆهانسن دەڵێت تێگەیشتنی هەیە لەوەی هەر وڵاتە پشوودرێژییەکی سنورداری هەیە و دەشڵێت تێگەیشتنی هەیە لەوەی ئەم سنورداریەش کۆتایی هەیە.

دوڕگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ئیجە گەورەترین بارگرانی کۆچبەرانیان کەوتۆتە سەر، ئەم دوڕگانە لە تورکیاوە نزیکن و بێ لەوەش، قاچاغچییەکان و دەستە و تاقمە چەتەکانیش بە ڕیگەیەکی گونجاوی دەزانن.

هاوکاتی سەردانەکەی جۆهانسن بۆ لێزباس، دانیشتوان خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕینیان کرد.

XS
SM
MD
LG