Accessibility links

کۆچبەران دەگەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا


وێنەیەکی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا
وێنەیەکی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا

پاسەوانانی دەریایی لیبیا ڕێگەیان گرتووە لە بەلانیکەم 480 کۆچبەر لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئۆفیسی کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەزگای کۆچبەری یو ئێن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 4500 کەس لە کۆچبەران گەڕێندراونەتەوە بۆ لیبیا پاش ئەو هەوڵە مەترسیدارەی داویانە بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستدا تا بگەنە ئەوروپا."

لەو وێنانەی دەزگای ناوبراو لە تویتەردا بڵاویکردونەتەوە، کارمەندان پەتۆ دابەشدەکەن بەسەر کۆچبەراندا پاش ئەوەی گەڕێندراونەتەوە بۆ کەنارەکانی لیبیا.

هاوکات دەزگای کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزاییشی دەربڕیوە لەو سەروسەودا خراپەی لەگەڵ کۆچبەراندا دەکرێت لە لیبیای بە شەڕ وێرانبوودا و لە پۆستێکی تریدا لە تویتەر دەنوسێت "لیبیا بەندەرێکی ئارام نییە بۆ کۆچبەران."

ئەم دەزگایەی یو ئێن دەڵێت، ڕۆژی شەممە، شەوەکەی 310 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە بۆ لیبیا و ڕۆژی یەکشەممەش 173 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە.

لەوەتای ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی لیبیا کە هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی دەکرد و موعەمەر قەزافی، دیکتاتۆری لیبیای تیادا کوژرا، ئەو وڵاتە بۆتە بنکەیەک بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت خۆیان لە شەڕەکان و هەژاری لە ئافریکا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرباز بکەن.

قاچاغچییەکانیش بەلەم و کەشتییە خراپەکانیان پڕ دەکەن لەو خێزانانەی بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت وڵاتەکانی خۆیان جێبهێڵن و دەیانخەنە بەردەم مەترسییەکانی ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، یەکێتی ئەوروپا هاوبەشی کردووە لەگەڵ پاسەوانانی کەنار دەریای لیبیادا و هەروەهاش لەگەڵ دەستە و تاقمە خۆجێیەکاندا بۆ ڕێگەگرتن لەو جۆرە پەڕینەوە مەترسیدارانە.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن دەڵێن ئەو جۆرە سیاسەت و ڕێبازانە، کۆچبەران دەخەنە ژێر ڕەحمەتی دەستە و تاقمە چەکدارەکانەوە و لەو گرتوخانانەدا دەستبەسەر دەکرێن کە پێشێلکارییان تیادا دەکرێت.

ڕۆژی 19ی مانگی یەک، کەشتییەک کۆچبەرانی هەڵگرتووە و لە لیبیاوە کەوتۆتە ڕێ بەرەو ئەوروپا و لە دەریای ناوەڕاستدا نوقم دەبێت و بەلانیکەم 43 کۆچبەر دەخنکێن. ئەوەش یەکەم ڕووداوی کارەساتاوی ساڵی 2021ی کۆچبەران بوو.
دەزگای کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری ڕزگاربووانی ئەو ڕووداوە تراژیدیەوە دەڵێت "ئەوانەی لەو ڕووداوەدا گیانیان لە دەستداوە، خەڵکی وڵاتەکانی ڕۆژئاوای ئافریکا بوون."

XS
SM
MD
LG