Accessibility links

میسر فرمانی دەستگیرکردن دەردەکات لەسەر ڕووداوی دوو شەمەندەفەرەکە


وڵاتی میسر فرمانی دەستگیرکردنی 8 کەسی دەرکردووە بەهۆی پێکدادانەکەی هەفتەی ڕابردووی دوو شەمەندەفەرەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئۆفیسی دادپارێزی گشتی وڵاتەکە.

لەو ڕووداوەدا 18 کەس گیانیان لە دەستداوە.

لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە "دادپارێزی گشتی فرمانیداوە 2 شوفێری شەمەندەفەرەکان و 2 یاریدەدەرەکانیان و چاودێری ژووری کۆنترۆڵی هاتوچۆی شەمەندەفەر و سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵ لە ئەسیوت و دوو چاودێری تریش دەستگیربکرێن و لە گرتوخانە بهێڵرێنەوە."

لەم ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ دووشەممەدا ژمارەی ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدابوو کەم کراوەتەوە بۆ هەژدە کەس، لە کاتێکدا پێشتر هالە زەید، وەزیری تەندروستی میسر وتبووی 19 کەس لە پێکدادانی شەمەندەفەرەکاندا مردون، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە سەرەتادا باس لە مردنی 32 کەس دەکرا.

لەم ڕاگەیەندراوەی ئۆفیسی دادپارێزی گشتی وڵاتی میسردا ئاماژە بەوەش کراوە کە 200 کەس بریندارن، بەڵام وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندبوو 185 کەس بریندارن.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر، پەیمانی سزای قورسی داوە بۆ ئەوانەی بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوەیان بەسەردا دەسەلمێندرێت.

بە گشتی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە وڵاتی میسر بەهۆی کۆن بوون و نۆژەن نەکردنەوەی هێڵە ئاسنینەکانە ڕوودەدەن.

یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوەکانی پێکدادانی شەمەندەفەرەکان لە میسر لە ساڵی2002دا بوولە باشوری قاهیرە، لەو ڕووداوەدا 373 کەس گیانیان لەدەستدا و ئاگریش بەربووە شەمەندەفەرەکە.

XS
SM
MD
LG