Accessibility links

سەرەک وەزیری ئەرمینیا دەست لە پۆستەکەی دەکشێنێتەوە


سەرەک وەزیری ئەرمینیا لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە، جەخت دەکاتەوە لەوەی لە مانگی چواردا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت تا هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان لە وڵاتەکەیدا بکرێت.

نیکۆڵ باشینیان، لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایی بۆتەوە و داوا دەکرێت دەست لە پۆستەکەی بکشێنێتەوە بەهۆی شکستی ساڵی پاری وڵاتەکەوە لەو ململانێیەی لەگەڵ ئازەربایجاندا هەیبوو.

وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایی ئەرمینیاییەکان، باشینیان بەر لە دوو هەفتە ڕایگەیاند ڕۆژی 20ی مانگی 6 هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت.
بەپێی یاسا لە ئەرمینیا دەشێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت پاش دەست لە کار کێشانەوەی سەرەک وەزیر، یان ئەگەر پەرلەمان بۆ 2 جار نەیتوانی سەرەک وەزیری نوێ بۆ وڵاتەکە دیاربکات.

سەرەک وەزیری ئەرمینیا، ئەمڕۆ یەکشەممە پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دانیشتوانی گوندی ئاراگاتس وتوویەتی "لە مانگی چواردا دەست لە پۆستەکەم دەکشێنمەوە، بۆ ئەوە نا دەستبەرداری دەسەڵات بم، بەڵام تا هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان بکرێت و تا ئەو کاتەش وەک سەرەک وەزیر دەمێنمەوە."
لەم لێدوانەیدا سەرەک وەزیری ئەرمینیا وادەیەکی بۆ دەستبەردار بوون لە پۆستەکەی دیارینەکردووە.

لەوەتای ساڵی پارەوە و شکستی ئەرمینیا لە قەیرانی ئازەربایجاندا لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ کاراباخ، پشێویەکی سیاسی وڵاتەکەی گرتۆتەوە.

لە مانگی 10ی ڕابردوودا، باشینیان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ باکۆدا مۆرکرد کە بە لەبەردانەواندن دادەنرێت لە چەند بەشێکی ناگۆرنۆ کاراباخ کە ئەرمینیاییەکان تیایدا نیشتەجێن.

سەرەک وەزیری ئەرمینیا داکۆکی لەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت "تەنها ڕێگەیەک بووە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئازەربایجان دەست بەسەر تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخدا بگرێت."
جەماوەرێکی زۆری ئەرمینیاییەکان پشتیوانی لە باشینیان دەکەن، وێڕای ئەو شکستەی لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخدا بەسەریدا هاتووە و بە هەزاران کەس خۆپیشاندانی پشتیوانییان بۆ کردووە لە بەرامبەر ئەو فشارانەی ئۆپزسیۆن دەیکات تا دەست لە کار بکێشێتەوە.

XS
SM
MD
LG