Accessibility links

ئەرشیفی دەستبەسەرداگیراوی کوێت دەگەڕێندرێتەوە


وڵاتی کوێت 8 تۆن دۆکیۆمێنت و دۆسێ و کەرەستە و کەل وپەلی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی خۆیی لە عێراق وەرگرتۆتەوە، ئەوانەی هاوکاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

ئەمەش سێهەمین جارە ئەم وڵاتەی کەنداو ئەرشیفی خۆی وەربگرێتەوە لەوەتای ساڵی 2019وە بەپێی ڕاگەیاندنی دوو کاربەدەستی کوێتی و عێراقی پاش واژۆ کردنی نوسراوی وەرگرتنەوەی ئەو ئەرشیفە لە پەیمانگەی سعود ئەلناسر لە پایتەختی کوێت.

ناسر ئەلهەین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ کاروباری ڕێکخراوەکان دەڵێت "ئەو ئەرشیفەی وەرگیراوەتەوە بریتیە لە کۆنوسەکانی زانکۆی کوێت و وەزارەتی ڕاگەیاندن و نوسراوەکانی زۆرێک لە دامەزراوەکانی تری وڵاتەکە و هەروەهاش ئەرشیفی بەشێک لە دامەزراوە تایبەتەکانی وەزارەتی ڕاگەیاندن."

قەحتان ئەلجەنابی، بریکار لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی دەڵێت "پێشتر وڵاتی کوێت زانیاری لەسەر ئەرشیفە دیارنەماوەکەی دابوو و بەوپێیە دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوێت."
ڕۆژی 2ی مانگی 8ی ساڵی 1990، لە سەروەختی دیکتاتۆریەتەکەی سەدام حوسەیندا هێرشی کردە سەر وڵاتی کوێت و دواتر پاش 7 مانگی داگیرکردن هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لەشکری عێراقی لە کوێت کردە دەرێ.

لەم 30 ساڵەی ڕابردوودا، عێراق 51 ملیار دۆلاری داوە بە کوێت و تا ئێستاش کە بەغدا ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی ئابوری بۆتەوە؛ نزیکەی 4 ملیار دۆلار قەرزی کوێتی لەسەر ماوە.

باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوێت نزیکەی 20 ساڵی ویستووە و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو سزایانەی سەپاندبوونیە سەر عێراق لە ساڵی 1990دا، لە ساڵی 2010دا پاش 7 ساڵ لە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لەسەر وڵاتەکەی لادا.

لەگەڵ ئەوەشدا کە بەغدا دنیناوە بەو سنورەی لە ساڵی 1993دا نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکردووە، بەڵام هێشتاش کێشەی تایبەت بە سنور هەیە، بەتایبەتی کاتێک باس دێتە سەر سنوری دەریایی.

تا ئێستاش، بە هەزاران کەس بێسەروشوێنن لە هەردوولا، وەک ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خاچی سور دەڵێت تەنها 215 هاوڵاتی کوێتی و 85 هاوڵاتی عێراقی گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

XS
SM
MD
LG