Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: لارا شوانی


ڕوانینێک هەیە و دەڵێت ئەو کاتەی دەست دەکەیت بە تەماشاکردنی فیلمەکان، ئیتر سینەما دەستپێدەکات، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بگوترێت مێژووی گەورەی ئەم پیشەسازی و هونەرە فەرامۆش بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە مێژووی سینەما هێندە کۆن نییە، بەڵام لەو وڵاتانەی سینەما تیایاندا پێشکەوتووە، مێژوویەکی تۆکمەی هەیە.

سینەما دەکرێت بگوترێت شانبەشانی بەرەوپێشچونەکانی تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و پەرەی سەندووە و هەنگاوی گەورەیشی هەڵێناوە، ئەگەرچی ئاسان نییە بتوانرێت شیکردنەوەیەکی ورد لەم بەرنامەیەدا بکرێت لەسەر پەرەسەندنی سینەما، بەڵام لێکۆڵەر و ڕەخنەگران توانیویانە بە باشی ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنانە بکەن بە کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاوازەوە.

لارا شوانی
لارا شوانی

بۆ ئێمەی کوردیش زۆر جار ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە؛ ئایا سینەمای کوردیمان هەیە؟

تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئەم پرسیارە نەدراوەتەوە، چونکە هەر یەکێک لە سینەماکارانی کورد بە شێوازێک و بە ڕوانینێکی جیاوازەوە وەڵام دەدەنەوە.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە بگەڕێتەوە بۆ نیشان نەدانی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا وەک چۆن لە سینەمای گەلانی تردا نیشاندەدرێن.


میوانی بەرنامە:
لارا شوانی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فێستڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن

لە بیرمان نەچێت بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لەگەڵ دروستبوونی دەستە و گروپی تایبەتی پیشەیی بۆ کاری سینەمایی دوو شتی تەواو لێک جیاوازن.

نکوڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردی هێشتا گرفتی هەیە لە بواری سینەمادا، بەڵام ڕاشکاوانەش بڵێم؛ سینەماکارانی کورد بەردەوام و بوێرانە و گیانبازانەیش هەوڵ و کۆششەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە و دەڕۆن بەرەو ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ سینەمای کوردی دروست بکەن.

نێوەندەکان و سینەماکارانیش هەماهەنگی یەکترن نبۆ سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە سەبارەت بە سینەما و ئەرکەکانی و پەیامەکانی؛ بۆ ئەو مەبەستەش دەیان فیلم و کورتە فیلم نومایشت دەکرێن و وتووێژێکی وردیش دەکرێت لەسەر ڕەهەندە هونەرییەکانی فیلمە بەشداربووەکان.

یەکێک لەو فێستیڤاڵانە، فێستڤاڵی فیلمی کوردی لەندەنە و ئامانجەکەیشی وەک ڕێکخەرانی فێستڤاڵەکە دەڵێن "بەرەوپێشبردن و ناساندن و بەهێزکردنی سینەمای کوردییە."
ڕێکخەرانی ئەم فێستڤاڵە ساڵانەیە بە خۆبەخش کار دەکەن.

لارا شوانی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فێستڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:00 0:00


XS
SM
MD
LG