Accessibility links

هێرشێکی خۆکوژی کڵێسایەک لە ئیندۆنیزیا دەکاتە ئامانج


بەلانیکەم 14 کەس بریندارن لە ئاکامی ئەو هێرشە خۆکوژییەی کراوەتە سەر کڵێسایەکی شاری ماکسار لە ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا.

هێرشەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کراوە (بە کاتی ئیندۆنیزیا) لە هەرێمی سیولایسی باشور.

بەپێی ڕاگەیەندنەکانی پۆلیس بەلانیکەم 14 کەس بریندارن، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ڕەوشی تەندروستی بریندارەکان نەدراوە.

ئۆرگۆ یوونۆ، وتەبێژی پۆلیسی نیشتمانی ئیندۆنیزیا دەڵێت " دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون کاتێک خۆتەقاندنەوەکە ڕوویداوە و ئەو دوو کەسەش ویستویانە خۆیان بکەن بەناو کڵێساکەدا."

ئۆرگۆ یوونۆ دەشڵێت پارچەی جەستە لە دەرەوەی کڵێساکەن هەبوون و هێشتاش لە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگەکاندان بۆ دەستنیشانکردنی ڕەگەز و ناسنامەی هێرشبەرەکان.

پێشتر پۆلیسی هەرێمی سیلاویسی باشور لە شاری ماکسار، پایتەختی هەرێمەکە ڕایگەیاندبوو بەلانیکەم یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە، بەڵام پۆلیسی نیشتمانی وڵاتەکە ئەو ڕاگەیەندنەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

موحەمەد ڕەمەزان، شارەوانی ئەم شارە کەنارییەی ئیندۆنیزیا دەڵێت زۆر پارچەی جەستەی مرۆڤ لەبەردەم کڵێساکە و لەسەر شەقامەکەی بەردەمیشیدا کەوتبوون.

پۆلیس دەڵێت کارمەندێکی هێزی ئاسایشی هەوڵی ڕێگەگرتنی داوە لەوەی ماتۆڕسکیلەکە بچێتە ناو کڵێساکەوە.

قەشە ویلیمۆس تولاک، بە پەیامنێرانی وتووە "مەڕاسیمی ئاینی ئەمڕۆ یەکشەممە تەواو بووبوو کاتێک کە هێرشەکە کرا."
هەر بە هۆی ئەم هێرشە خۆکوژییەوە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش زیانیان پێگەیشتووە و پۆلیس چواردەوەری کڵێساکەی گرتووە، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.

پێشتریش کڵێساکان لە ئیندۆنیزیا کراونەتە ئامانج لەلایەن توندڕەوانەوە.

لە مانگی 5ی ساڵی 2018دا نزیکەی 10 کەس کوژراون لەو هێرشە خۆکوژیانەی کرابوونە سەر 3 کڵێسا.

لە ساڵی 2002دا زیاتر لە 200 کەس کوژران لە ئاکامی ئەو هێرشانەی لە دوڕگەی بالی کران و بەرپرسیارێتییەکەیشی لە ئەستۆی کۆمەڵەی ئیسلامی ئیندۆنیزیا نرا.

گومان و پرسیارگەلێک کەوتوونەتە سەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ئیندۆنیزیا لەگەڵ دەرکەوتنی لایەنی کۆنەپارێز و تەنانەت توندڕەویشدا لەو وڵاتەدا.

کەمایەتییە ئاینییەکانی وەک کریستیانەکان و بوداییەکان و هیندۆسییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر پێکەوەژیانی ئاینیانە لە ئیندۆنیزیا کە گەورەترین ژمارەی دانیشتوانی موسڵمانی هەیە لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG