Accessibility links

یونسێف هۆشداری لەمەڕ مردنی منداڵان لە کەمپی ئەلهۆل دەدات


کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانن لە زیادبوونی مردنی منداڵان لە کەمپێکی پەنابەرانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

یونیسێف ڕۆژی چوارشەممە گوتی ڕاپۆرتی بەدەست گەیشتووە کە لەم هەفتەیەدا لە کەمپی ئەلهۆل کوڕێکی تەمەن 15 ساڵان کوژراوە، ئەمەش پاش دوو هەفتە لەوەی کوڕێکی تەمەن 16 ساڵان تەقەی لێکراو کوژرا.

ئەلهۆل کە 62 هەزار کەسی تێدایە لە ناویاندا هەزاران خێزانی بیانی چەکدارانی داعش، لەم هەفتانەی دواییدا کوشتنی دانیشتوانی زیادی کردووە.

بۆ ڤیکتۆر نیلەند، نوێنەری یونیسێف لە سوریا، لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند"دۆخی ئەمنی کەمپەکە بە کوشتنی 40 گەورە و دوو منداڵ لە سەرەتای ساڵەوە تێکچووە- کە تەنیا لە مانگی سێدا 16 کەس تیایدا کوژراون."

نیلەند داوای لە دەسەڵاتدارانی کەمپەکە کرد "سەلامەتی منداڵان و هەموو دانیشتوانی کەمپەکە بپارێزن."

کەمپی ئەلهۆل لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێت، کە هاوپەیمانییەکی سەربازییە و لە شەڕی دژی داعش هاوکارێکی سەرەکی ئەمەریکا بووە.

شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی کاروباری پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی سەر بە هەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، منداڵەکە لە نێو خوێندنگایەکی ناو کەمپەکە کوژراوە.

ئەحمەد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئەو کوڕە کە سوریایی بووە، لە کاتێکدا لە قوتابخانە بوو بە چەقۆ لێدراوە." ئەو گوتیشی "هێزە ئەمنییەکانی ئێمە لە کەمپەکە لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن."

ئەو هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانی ئەمدواییانەی ناو کەمپەکەی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی شاندەکانی داعش لە ناو و دەرەوەی کەمپەکە.

ئەحمەد گوتیشی "لە شەواندا کەمپەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و زۆربەی توندوتیژییەکان لەو کاتانەدا ڕوودەدەن، کەمپێکی گەورەیە و هێزە ئەمنییەکانی ئێمە سەرچاوەیان کەمە تا بتوانن هەمیشە لە ژێر کۆنترۆڵ بیهێڵنەوە."

نیلەند گوتی توندوتیژییەکان ئەوە دەردەخەن کە پێویستییەکی دەستبەجێ هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەررێکی درێژدەم بۆ ئەو منداڵانەی لە کەمپەکەدان.

گوتیشی "پێویستە منداڵانی سوریا بە سەلامەتی دووبارە لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکانیان یەکبگرنەوە، منداڵانی بیانی بە شێوەیەکی سەلامەت و گونجاو بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتە کانی خۆیان."

بەڵام بەرپرسانی خۆجێهی دەڵێن کاری دەستبەجێ پێویستە بۆ پاراستنی ئەو منداڵانە.

ئەحمەد لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "جگە لەو توندوتیژیانەی ڕۆژانە بەرامبەریان ئەنجام دەدریت، هەروەها دەبینین چەندین منداڵ لەلایەن دایک و باوکیانەوە بەرەو ڕادیکاڵ بوون دەبرێن، کە هەندێکیان هێشتا ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعشیان هەیە."

ئەو گوتیشی" ئەوەی لەئێستادا زۆر پێویستە سەنتەرێکی گەورەی هاتنەوەسەرخۆیە بۆ ئەو منداڵانە، دوور لەژینگەی ژەهراوی ناو کەمپی ئەلهۆل."

هەسەدە لە ماوەی ڕابردوودا چەند سوریاییەکی لە کەمپەکە ئازاد کرد، لە ناویاندا چەند منداڵیش، هەروەها چەندین وڵات بەشێک لە هاوڵاتیانیان بردۆتەوە بە تایبەتی ژن و منداڵەکان.

XS
SM
MD
LG