Accessibility links

عێراق لەبەردەم پشێویدا


نمایشە سەربازیەکەی گروپی چەکداری ڕەبعوڵا لە بەغدای پایتەخت، کاردانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە، هێزە شیعیەکان خۆیان بێبەری دەکەن لەو گروپە، بەڵام بەرپرسانی عێراق پێیانوایە، ئەو گروپە سێبەری لایەنە شیعیەکانن و پەیامیان پێدا نێردراوە.

دوێنێ پێنجشەمە، گروپی ڕەبعوڵا لەنێو جەرگەی شاری بەغدا، نمایشێکی گەورەی چەکداری ئەنجامدا، وێڕای هەڕەشەکردن لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هەڕەشەشیان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیوا ئەحمەد ئەبو ڕەغیف کرد، کە ناوبراو بریکاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ کاروباری لێکۆڵینەوە و هەواڵگیری و سەرپەرشتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیە هەستیارەکان دەکات.

وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەکانی گروپی چەکداری ڕەبعوڵا، لیوا ئەحمەد ئەبو ڕەغیف بەهێزێکی سەربازیەوە ڕۆیشتە نێو شەقامەکانی بەغدا و بێ منەتی خۆی لە هەڕەشەکان نیشاندا، بۆیە چاودێران پێیانوایە، تەحەداکردنی یەکتری حکومەت و گروپەکان، عێراق بەرەو پشێوی و ئاڵۆزی دەبات.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە عێراق ڕوو لە ئاڵۆزی و پشێوی دەکات، بەتایبەت حکومەت لاوازە و کاردانەوەی نیە بەرامبەر گروپە چەکدارەکان، دەڵێت"ئەم گروپانە خراپ مامەڵە دەکەن، بڕوایان بە عێراق نیە و سەربە ویلایەتی فەقیهن."

سەرسوڕومانی خۆشی نیشاندا، ئەو هەموو هێزە لەنێو بەغدای پایتەخت نمایشی سەربازی ئەنجام دەدەن، کەچی هیچ لایەنێکی شیعی خۆی ناکات بەخاوەنیان، وتی"حساب بۆ کەس ناکەن و هەمووشی دژیانە، دەبێت سەرچاوەی هێزەکەیان کوێ بێت؟ حکومەت پێگە و قورسایی لەدەستداوە، کە ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات."

هەرچەندە ململانێی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارەکان بۆ شەڕی باڵادەست بوون دەگێڕدرێتەوە، بەڵام ناکۆکی ئەمجارە لە دەستگیرکردنی ئەندامێکی گروپی ڕەبعوڵاوە لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا سەریهەڵدا، کە بەبرینداری لەلایەن دەزگای هەواڵگیری عێراقەوە دەستگیرکرابوو، دواتر ئەو گروپە چوونەتە سەر نەخۆشخانە و چەکدارەکەیان بردووە.

گروپی ڕەبعوڵا، هیچ لایەنێکی شیعی بۆ خۆ قوتارکردن لە بەرپرسیارێتی خۆی ناکات بە خاوەنیان، بەڵام بە سێبەری عەسایبی ئەهلی حەق و حیزبوڵا لێیان دەڕوانرێت، کە ئەم گروپە تۆمەتبارن بە سوتاندنی بارەگای لقی پارتی و هێرشکردنە سەر مەیخانەکانی بەغدا و موشەک بارانکردنی ناوەندە دبلۆماسیەکان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گروپی ڕەبعوڵا بەهەڕەمەکی و بێ پرس نەهاتوونەتە سەر شەقام، بەڵکو هێزە شیعیەکان پەیامیان پێدا ناردوون."

بەوتەی سەرچاوەکە، پەیامێکی پشت نمایشە سەربازیەکە بۆ مستەفا کازمی و حکومەتی عێراق بوو، بەوەی بیر لە حکومەتێکی بەهێز و لاوازکردنیان نەکاتەوە، لەڕێگەی هەڵبژاردنی داهاتووە و ئەوان لە حکومەت بەهێزترن، پەیامەکەی تریشیان، جەختکردنەوە بوو لەسەر دژایەتی مانەوەی ئەمەریکا لەعێراق.

سەرچاوەکە وتیشی"ململانێی نێوان حکومەتی عێراق و گروپەکان، ململانێی شاراوەی نێوان هێزە نێودەوڵەتیەکان و ئێرانیشە، ئەم تەحەدای یەکتری کردنە، ڕەنگە وابکات عێراق بڕی هەڵبژاردن نەکات، چونکە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە."

بەبڕوای بەشێک لەوبەرپرسانەی دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردن، جوڵەی گروپە چەکدارەکان و گوتارەکانیان دژی هاوپەیمان، فشاری ئێرانە بۆ ناچارکردنی ئەمەریکا بۆ دانوستان، بەو پێیەی ئێران لە سەرۆک بایدن تاڕادەیەک نائومێدبووە، بەوەی وەک پێویست نەرمی نەنواندووە بەرامبەری، هەروەک ترسیشە لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەو گروپانە.

لە پاڵ حکومەتی عێراق دا، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بەتوندی دژی نمایشە سەربازیەکەی ڕەبعوڵا هاتە دەنگ، بەو پێیەی ناوبراو ئەو گروپانە بەڕکابەری خۆی دەزانێت و پێیوایە لاوازبوونی ئەوان، گۆڕەپانەکە بۆ ئەم چۆڵ دەکات، ڕایگەیاند"گەر ئەو گروپانە سەر بە حەشد بن، دەبێت سزا بدرێن، گەرنا حەشد خۆی بێبەری بکات لێ یان."

لە وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدردا، حەشدی شەعبی ڕەتیکردەوە ئەو هێزانەی نمایشی سەربازیان ئەنجامداوە سەربەوان بێت، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتحیش، جەختیکردەوە"بڵاوەکردنی چەکدار لە ژێر هەر ناوێک بێت، ڕەتکراوەیە."

بەبڕوای دکتۆر مەحمود عوسمان، ئەو هێزانەی لەنێو بەغدا نمایشی سەربازیان ئەنجامدا، دوو پەیامیان پێبوو، پەیامی سەرەکیان، جەختکردنەوە بوو لەسەر دەرچوونی ئەمەریکا لەعێراق و دژایەتیکردنی کازمی، کە ئەوان کازمی بە "بەکرێگیراو"ی ئەمەریکا دەزانن، پەیامی دووەمیشیان، سەلماندنی بوونی خۆیان بوو، کە دەبێت حسابیان بۆ بکرێت.

عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایە، ململانێی نێوان حکومەت و گروپە چەکدارە شیعەکان تادێت تونتر دەبێتەوە، بۆیە ئێستا لە هەمووکات زیاتر، دۆخی عێراق لەبەردەم مەترسی پشێوی و ئاڵۆزبووندایە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:27 0:00


XS
SM
MD
LG