Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕامیار موحەمەد


وەرگێڕان لە سادەترین پێناسەیدا، گواستنەوەی ماناکانە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، ئاشنابوونە بە کلتور و و فەرهەنگەکانی تر و دەشکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکانی قاڵبوونەوە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لێکبدرێتەوە، ئەمە بێ لەوەی پردێکی گەورە و تۆکمەی پەیوەندی نێوان دوو کلتور یان زیاتریشە.

وەرگێڕان لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی کۆمەڵگەدا بەردەوام لە پەرەسەندندا بووە و گەیاندنی پەیامی نوسەران و بیریاران ئامانجە سەرەکییەکەیە.

شارەزایی لە پرۆسەی وەرگێڕاندا ئێجگار گرنگە، ئەم شارەزاییەش هەر تەنها لە زمانی دایک و ئەو زمانەی تردا کە بابەتەکەی لێ وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی دایک بەس نییە بۆ وەرگێڕ تا بگوترێت وەرگێڕانێکی سەرکەوتووانەی کردووە. بێگومان کەسی وەرگێر پێویستی بە شارەزاییە لەو بابەتەی وەریدەگێڕێت، زانیاری ڕاست و دروستی هەبێت لەسەر کلتور و نەریتی کۆمەڵگەکان، تێگەیشتنی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگە و هەروەهاش شارەزایی لە زمانی سێهەم و چوارهەم و زیاتریشدا هەبێت و چەندان تەوەری تریش، چونکە ئەگەر وەها نەبێت ئەوا بە دوور نازانرێت منی خوێنەر لە خوێندنەوەی هەر بابەتێکی وەرگێڕدراودا تووشی چەواشەکردن بێم و ئیدی بەهۆی خراپی وەرگێڕان و داڕشتنەوەی دەق بێزاری لە خوێندنەوە زیاتر پەرەبسەنێت لەلام.


کاتێک باس دێتە سەر وەرگێڕان، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە؛ ئایا پێویستە هەموو بابەتێک وەربگێڕدرێتە سەر زمانی دایک؟

ئایا کتێبخانەی کوردی هەر تەنها پێویستی بە وەرگێڕانی دەق و تێکستە جیهانییەکانی ئەدەبە؟ یان پێویستە بابەتگەلێکی تریش بۆشاییەکانی ناو کتێبخانەکانمان پڕ بکەنەوە؟

جا وەڵامی ئەو پرسیارانە هەرچۆنێک بن و چەندێکیش جیاواز بن لە یەکتر، بەڵام هاوڕاییەک هەیە سەبارەت بە گرنگی هەبوونی دامەزراوەی تایبەت بە وەرگێڕان و پێداچوونەوە بە بابەتە وەرگێڕدراوەکاندا و بڵاوکردنەوەشیان لەسەر بنچینەی چۆنییەتی بێت نەک چەندایەتی.
لە بیرمان نەچیت ڕایەکیش هەیە و دەڵێت "جیهانگیری" یان عەولەمە، ئەو بیرکردنەوە باوەی دوورخستۆتەوە کە وەرگێڕان کلتورەکان بە یەک ئاشنا دەکات، چونکە وەک دەڵێت "لەم سەروەختی عەولەمەیەدا کلتورەکان بە زمانێکی تر کەوتوونەتە یەکتر ناسین و دیالۆگ کردن."


لە کتێبخانەی کوردیدا، زۆرێک لە بەرهەمەکانی نوسەران و بیریارانی جیهان دەبینرێن کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی دایک، بەڵام زۆر کەمن ئەوانەی بایەخ بە وەرگێڕانی بەرهەم و بابەتە کوردییەکان دەدەن بۆسەر زمانە زیندووەکانی جیهان، جا ئیدی نازانم ئایا هۆکارەکەی هەر ئەوەیە کە ئێمەی کورد پێویستمان بە ئاشنابوونە لەگەڵ کلتورەکانی تردا و کلتورەکانی تر پێویستیان بە ئاشنابوون نییە لەگەڵ ئێمەدا؟!
ڕامیار موحەمەد، نوسەر و وەرگێڕ، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:22 0:00


XS
SM
MD
LG