Accessibility links

لە مۆسکۆ هێرشی کیمیایی دەکرێتە سەر ئۆفیسەکانی ڕۆژنامەیەک


دیمتری مورادۆڤ، سەرنوسەری ڕۆژنامەی نۆڤایا غەزەتە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەکەدا
دیمتری مورادۆڤ، سەرنوسەری ڕۆژنامەی نۆڤایا غەزەتە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەکەدا

ڕۆژنامەی نۆڤایا غەزەتە کە ڕۆژنامەیەکی ناوداری بنکۆڵکارییە دەڵێت ئۆفیسەکانی لە مۆسکۆ هێرشی کیمیاییان کراوەتە سەر.

دیمتری مورادۆڤ، سەرنوسەری ڕۆژنامەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشیکی کیمیایی کراوەتە سەر ئەو باڵەخانەیەی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەکەی لێیە."

ئەم ڕۆژنامەیە بە میدیایەکی سەربەخۆ دادەنرێت.

مورادۆڤ دەڵێت هێزە ئاسایشییەکان کەوتوونەتە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەو مەتریاڵەی لە دەروازەی باڵەخانەکەدا ڕژێنراوە و دەشڵێت کاریگەرییەکەی ئەوەندە زۆر بووە کە لە دەرەوی باڵەخانەکەش هەست بە بۆنەکەی دەکرا.

سەرنوسەری ڕۆژنامەی نۆڤایا غەزەتە، ئاماژەی بەوە نەکردووە کە کێ لەپشت ئەم هێرشەوەیە، بەڵام پێشتر هەر ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بە 3 ڕێکخراوی ناحکومی کردووە کە لەسەر بنچینەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە، داوای یاساییان لەسەر دەستەیەکی سەر بە کرملن تۆمارکردووە لەسەر ئەشکەنجەدان و کوشتنی گیراوێک لە سوریا.

دینس کۆرۆتکۆڤ، ڕۆژنامەوانێکی ڕۆژنامەکە، ژمارەیەک ڕاپۆرتی نوسیوە لەسەر ئەو دەستەیەی سەر بەکرملن "واگنەر" کە لە شوێنەکانی قەیرانیان تیادایە وەک باکوری ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا دانراون.

نۆڤایا غەزەتە لە ساڵی 1993دا دامەزراوە و لەوکاتەشەوە ژمارەیەک هێرش کراونەتە سەر ئۆفیسەکانی و سەر ڕۆژنامەوانەکانیشی.

لە ساڵی 2006دا، ڕۆژنامەنوس ئانا پۆلیتکۆڤسکیا کە لێکۆڵینەوەی لە تاکتیکەکانی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و کرملن دەکرد لە کۆماری چەچانستان، لەو ڕاڕەوەی دەچووە سەر ئەپارتمانەکەی لە مۆسکۆ، تەقەی لێکرا و کوژرا. لە ساڵی 2017شدا یولیا لاتینینا ستون نوسی ڕۆژنامەکە لە ڕوسیا ڕایکرد پاش ئەو ژمارە هێرشەی کرایە سەری، لەوانە سوتاندنی ئۆتۆمبێلەکەی و هەروەهاش ئەو مەتریاڵە کیمیاییەی کرابوو بە پەنجەرەکانی خانووەکەیەوە.

مورادۆڤ لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، ئاماژەی بە دۆسێی یولیا کردووە و دەڵێت "ئەو هێرشانە لە ئاکامی نوسینی ژمارەیەک ڕاپۆرت بوون کە لەسەر پوتن و یەڤگینی پیرگۆژین نوسرابوون." دەشڵێت پیرگۆژین پەیوەندی هەیە بە تۆڕی واگنەرەوە.

XS
SM
MD
LG