Accessibility links

خۆپیشاندەرانی سوریایی سورن لەسەر ڕوخاندنی ڕژێمی سوریا


بە ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕی سوریاوە ئاوارەی ناو و دەرەوەی سوریا بوون
بە ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕی سوریاوە ئاوارەی ناو و دەرەوەی سوریا بوون

هەزاران کەس لە دوا پێگەی سەرهەڵداوانی سوریادا ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی هەرێمی ئیدلب بۆ یادکردنەوەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کە شەڕێکی خوێناوی و کارەساتباری ناوخۆیی بە دوای خۆیدا هێناوە.

جیهادییەکان دەستیان گرتووە بەسەر شاری سەرەکی ئەو هەرێمەدا و لە نێو ئاپۆڕەی خەڵکیشدا هەندێک لە خۆپیشاندەران ئاڵا سێ ئەستێرەییەکەی ئۆپزسیۆنیان هەڵگرتبوو و هەندێکی تریشیان وێنەی ئەوانەیان بەرزکردبووەوە کە لە شەڕەکاندا کوژراون.

خۆپیشاندەران دروشمی "ئازادی و ئازادی و ئازادی"یان دەگوتەوە ڕێک هاوشێوەی یەکەم خۆپیشاندانی ساڵی 2011 و داوای کۆتایهێنان دەکرا بە فەرمانڕەوایەتی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا.

خۆپیشاندەران دروشمی "گەل دەیەوێت ڕژێم بڕوخێت"یان دەگوتەوە، هەمان ئەو دروشمەی لە ساڵی 2011 لە ناوچە عەرەب نشینەکاندا دەگوترایەوە.

خۆپیشاندەران دەڵێن "هاتووین بۆ نوێکردنەوەی سوربوونی خۆمان لەسەر پەیمانەکەی ساڵی 2011مان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد." و دەشڵێن هەر لە یەکەمین ڕۆژەوە دەمانەوێت ڕژێمی سوریا بڕوخێت.

لەوەتای شەری ناوخۆیی سوریا دەستیپێکردووە زیاتر لە 388 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵک ئاوارەبوون لەناو و دەرەوەی وڵاتەکەدا.

پاش 10 ساڵ لەم شەڕە خوێناویە، ڕژێمەکەی ئەسەد توانیویەتی کۆنترۆڵی زیاتر لە سەدا شەستی وڵاتەکەی بکاتەوە بەهۆی پشتیوانییەکانی ڕوسیاوە لە ڕژێمی سوریا دژ بە سەرهەڵداوان و جیهادییەکان.

XS
SM
MD
LG