Accessibility links

بەریتانیا سزای نوێ دەسەپێنێتە سەر کاربەدەستانی سوریایی


دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

بەریتانیا سەپاندنی سزای ڕاگەیاندووە بەسەر 6 کاربەدەستی حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەددا لە سوریا، لەوانە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا.

سەپاندنی ئەم سزا نوێیانە بەهۆی سەرکوتکردنی گەلی سوریا و هەروەهاش سود وەرگرتن لە مەینەتییەکانی گەلی سوریاوەن.

ئەم سزایانە کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و سڕکردنی سامانەکانی ئەو کاربەدەستانەی سوریا دەگرێتەوە، هاوکاتە لەگەڵ دەهەمین ساڵیادی بەهاری عەرەب لەو وڵاتەدا.

ئەم سزایانەی بەریتانیا ڕاوێژکارێکی ئەسەد و دوو گەورە سەرکردەی لەشکریی و دوو کارداری سوریاییش دەگرێتەوە.

دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ڕژێمی ئەسەد، 10 ساڵە دڕندانە گەلی سوریای کردۆتە ئامانج بەهۆی داواکردنی ڕیفۆرمێکی ئاشتیانەوە."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت "ئەمڕۆ 6 کاربەدەستی تری سوریایی بەرپرسیار دەکەین لەو هێرشانەی بە کۆمەڵ دەیکەنە سەر هاوڵاتیانی سوریایی لە کاتێکدا پێویستە بپارێزرێن نەک هێرشیان بکرێتە سەر."

ئەم سزایانەش یەکەمین سزان بسەپێندرێنە سەر کاربەدەستانی وڵاتی سوریا پاش ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاتە دەرێ.

یەکێتی ئەوروپا 353 سزای سەپاندۆتە سەر ڕژێمی سوریا.

بەریتانیا کە لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا لە یەکێتی ئەوروپا هاتە دەرێ، پێشتریش لە ڕێی ئەم یەکێتییەوە سزای سەپاندۆتە سەر سوریا.

برۆکسل لە ساڵی 2011وە سزا دەسەپێنێتە سەر دەسەڵاتدارانی سوریایی بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەتەوە، لە مانگی یەکی ڕابردوودا فەیسەڵ میقدادیشی زێد کردە سەر لیستی سزادراوان.

لەندەن دەڵێت دەستی بە کارکردنیش کردووە لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی سوریا تا بەشدارییەکی تەواوی هەبێت لە پرۆسەی ئاشتی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لە وتووێژەکانی لە ژنێڤ دەکرێن لەسەر دەستوری وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە دیمەشق دەکات تا گیراوەکانی وڵاتەکە ئازاد بکات و هەروەهاش ڕێگەبدات کۆمەک و یارمەتییەکان بگەنە سەرانسەری سوریا.

XS
SM
MD
LG