Accessibility links

دبیبە سوێندی یاسایی دەخوات


عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری کاتیی لیبیا
عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری کاتیی لیبیا

مەڕاسیمی سوێندخواردنی یاسایی سەرەک وەزیری کاتیی لیبیا بەڕێوەدەچێت تا دەست بکات بە ڕێبەرایەتی کردنی لیبیای بە شەڕ وێران بوو لەم قۆناغی گواستنەوەیەی وڵاتەکەدا بەرەو هەڵبژاردنەکەی مانگی 12ی داهاتوو.

ئەم مەڕاسیمی سوێندخواردنەی عەبدولحەمید دبیبە پاش چەند ساڵێکی ئاژاوە و گێرەشێوێنی و دابەشبوونی وڵاتەکەیە.

لیبیا لەپاش ڕووخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی موعەمەر ئەلقەزافی لە ساڵی 2011 کەوتە قەیرانەوە و ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەو وڵاتە کەوتنە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات.
هاوپەیمانێتی ناتۆ یارمەتی سەرهەڵدانی لیبیای دەدا لەو ساڵەدا.

بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆسەیەک لە لیبیا دەستیپێکردووە بەئامانجی یەکگرتنەوەی وڵاتەکە پاش مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان دوو بەڕێوبەرایەتییە ڕکابەرەکەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیا.

دبیبە لە مانگی 2دا دەستنیشانکرا بۆ پۆستی سەرەک وەزیری کاتیی وڵاتەکە لەو وتووێژانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکردن؛ هەروەها سێ کەسی تریش وەک ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا دەستنیشان کران.

دبیبە لە شاری توبروک لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، سوێندی یاسایی دەخوات و ئەم شارە نزیکەی یەک هەزار کیلۆمەتر لە شاری تەرابلوس، پایتەختی لیبیاوە دوورە و لە ساڵی 2014وە شوێنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی لیبیایە.

هەفتەی ڕابردوو، پەرلەمانی لیبیا ئەندامانی کابینەکەی دبیبەیان پەسەند کرد و ئەمەش ئەو هەنگاوە بوو کە ڕێبەرانی لیبیا و وڵاتانی بیانی بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناودێریان کرد.

کابینەکەی دبیبە لە 2 جێگری سەرەک وەزیر و 26 وەزیر و 6 وەزیری دەوڵەت پێکدێت و وەزیری کاروباری دەرەوەیی و هەروەهاش پۆستی وەزیری داد دراون بە دوو ژن، ئەمەش بێ پێشینەیە لە لیبیادا.

عەبدولحەمید دبیبە، پاش پەسەندکردنی کابینەکەی جەختی کردبووەوە لەوەی "ئەم حکومەتە حکومەتی هەموو لیبیاییەکان دەبێت و لیبیا یەک وڵاتە و یەکگرتووە."

XS
SM
MD
LG