Accessibility links

دادگاییکردنی ئۆن سان سوچی دوادەخرێت


ئەو قەدەغەکردنانەی سەپێندرابوونە سەر تۆڕی تەلەفونی مۆبایل لە میانمار وەهایان کرد ئەو دانیشتنە ڤیدیۆییەی دادگاییکردن کە بڕیار بوو بۆ ئۆن سان سوچی بکرێت هەڵبووەشێتەوە.

خۆپیشاندەرانیش هەر ئەمڕۆ دووشەممە گەڕانەوە سەر شەقامەکان پاش یەکێک لە خوێناوی ترین ڕۆژەکانی وڵاتەکە لەوەتای کودەتاکەی 6 هەفتە لەمەوبەر کرا.

5 خۆپیشاندەر لە میانمار کوژراون بەپێی گەواهدەران و دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە، ڕۆژی یەکشەممەش بەلانیکەم، 44 خۆپیشاندەر کوژراون لە میانمار پاش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس دەستیان کرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی دیموکراسیخواز.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هاوکاری زیندانیانی سیاسی کە نێوەندێکی چاودێریکردنە، لەوەتای ڕۆژی یەکی مانگی دووەوە کە کودەتاکە کراوە، تا ئێستا زیاتر لە 125 کەس لەو وڵاتە کوژراون.

لە میانمار لەو ڕۆژەوەی کودەتا لەشکرییەکە کراوە، شەپۆلێکی ناڕەزایی وڵاتەکەی گرتۆتەوە و خۆپیشاندەران داوای جێگیرکردنەوەی دیموکراسی دەکەن، وێڕای هەوڵ و زەبرەکانی ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

وەها بڕیار بوو کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بە کاتی میانمار دادگاییکردنی ئۆن سان سوچی دەستپێبکات بەڵام وەک پارێزەرەکەی دەڵێت، دانیشتنەکەی دادگا دواخراوە بۆ ڕۆژی 24 ئەم مانگی 3یە و دەشڵێت بەهۆی نەبوونی ئینترنێتەوە دادگاییەکە ناکرێت چونکە ناتوانرێت بە ڤیدیۆ ئەو دادگاییە بکرێت.

ئۆن سان سوچی، لەسەروەختی فەرمانڕەوایەتی پێشووی لەشکریدا بۆ 15 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر بووە.

دەسەڵاتدارانی میانمار بۆ چەند هەفتەیەکە شەوان تۆڕەکانی ئینتەرنێت دادەخەن و بەیانیان جارێکی تر دەکرێنەوە، بەڵام وەک دەزگای "نێت بلۆکس" بۆ چاودێری دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە تۆڕەکانی تەلەفونی مۆبایل هەر داخرابوون.

ئون سان سوچی، ڕووبەڕووی بەلانیکەم 4 گوناهبارکردن بۆتەوە،لەوانە، هەبوونی ئامێری پەیوەندی بێتەل بەبێ بوونی مۆڵەت، پێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا، پێشێلکردنی یاساکانی پەیوەندیکردن و هەروەهاش ئەو خواستەی هەیەتی بۆ خۆپیشاندانی گشتی لە وڵاتەکەدا.

لەگەڵ ئەمانەشدا، دەسەڵاتدارانی لەشکر، سان سوچی گوناهبار دەکەن بە وەرگرتنی نایاساییانەی پارە بە بڕی 600 هەزار دۆلار و هەروەها بڕێکی زۆری ئاڵتون، پارێزەرەکەیشی دەڵێت ئەو قسانە هەمووی بێ بنچینەن.

XS
SM
MD
LG