Accessibility links

میسڕ: پێویستە تورکیا بە کردار ڕێگە خۆشبکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان


وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری
وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری

وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری وتی دەبێت " کردارەکانی " تورکیا بەشێوەیەک دەرکەوێت کە لەگەڵ بەهاکانی میسڕ و ئامانجەکانیدا بگونجێت تاوەکو پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە ئاسایی ببێتەوە.

شوکری ئەوەشی پشتڕاست کردەوە پەیوەندی هەیە لە نێوان قاهیرە و ئەنقەرەدا، ئەوەش دوای چەند ساڵێک گرژی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو گفتوگۆکان سنووردارن.

دوای ئەوەی سوپای میسڕ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە موحەمەد مورسیان لەسەر کارەکەی لابرد کە هاوپەیمانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوو، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گرژییان تێکەوت.

شوکری وتی " هیچ پەیوەندیی و گفتوگۆیەک لە دەرەوەی چوارچێوە دیبلۆماتیەکەدا بوونی نیە، ئەگەر کرداری ڕاستەقینەمان لە تورکیاوە بینی و زانیمان ئامانجەکانیان لەگەڵ ئامانج و سیاسەتی میسڕدا دەگونجێت ئەوا کەشەکە ڕەخساو دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا."

هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی باڵای تورکیا وتیان پەیوەندییە دیبلۆماتیەکان لەگەڵ میسڕدا دەستیپێکردۆتەوە و ئەنقەرە هەوڵی هاریکاری زیاتر دەدات. ئەردۆگان وتی " پەیوەندییەکان لەسەر بەزرترین ئاست نین، بەڵام ڕاستەوخۆ لە خوار ئەو ئاستەوەن."

دوو سەرچاوەی هەواڵگری میسڕیش ئاماژەیان بەوەداوە تورکیا پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ تاوتوێکردنی هاریکاری لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.

جێی ئاماژەیە هەر باشبوونێک لە پەیوەندییەکانی نێوان میسڕ و تورکیادا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری دەبێت، لەکاتێکدا ئەنقەرە و قاهیرە هەوڵدەدەن کاربکەنە سەر کۆمەڵێک ڕووداو لە کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازدا و سەبارەت بە ململانێکانی دەریای ناوەندیش لە دوو بەرەی جیاوازدان.

.سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG