Accessibility links

پاپا داوای چەک فڕێدان دەکات لە سوریاییەکان


پاپا فرانسیس داوی فڕیدانی چەک دەکات لە سوریا و هەروەهاش ئاشتەوایی لە نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا.

ڕاگەیاندنەکەی پاپا فرانسیس، هاوکاتە لەگەڵ دەهەمین ساڵیادی هەڵایسانی شەڕی خویناوی ناوخۆیی سوریا.

پاپا لە وتارەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "سەرلەنوێ داوا لە لایەنەکانی قەیرانەکە دەکەمەوە تا خواستی باشی خۆیان نیشان بدەن، تروسکە هیوایەک بە گەلی پەرێشانی سوریا بدەن. هیوام هەیە پەیماننامەیەکی بونیاتنەر و یەکلاکەرەوە و نۆژەنکراوە بخرێتە بەردەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتەوایی لە سوریادا پاش فڕێدانی چەکەکان ودەستکردنەوە بە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و هەڵسانەوەی ئابوری."

پاپا فرانسیس، مەخابنی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو شەڕ و ئاشوبەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە سوریا درێژەی هەیە و بە یەکێک لە گەورەترین "کارەساتە مرۆییەکان لە مێژووماندا" ناودێری کرد و دەڵێت "ژمارەیەکی بێشوماری خەڵک کوژراون و برینداربوون، بە ملیۆنان پەنابەر و ئاوارە هەن، هەزاران کەس بێ سەروشوێنن، وێرانکاری و توندوتیژی و مەینەتی بۆ گەلی سوریا هێناوە بە ژن و منداڵ و پیاو و پیر و گەنجەوە."

شەڕی سوریا کە پێدەنێتە یازدەهەمین ساڵیەوە، وەک ڕێکخراوی ڕوانگە بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا دەڵێت "بەلانیکەم 388 هەزار و 652 کەس کوژراون."

پاپا فرانسیس کە هەفتەی ڕابردوو، سەردانێکی مێژوویی کرد بۆ عێراق، بە نیاز نییە سەردانی سوریا بکات، بەڵام بەردەوام داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات لەو وڵاتەدا.

XS
SM
MD
LG