Accessibility links

کۆسۆڤۆ باڵیۆزخانەی خۆی لە شاری ئۆرشەلیم دەکاتەوە

ئاڵاکانی کۆسۆڤۆ و ئیسرائیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆسۆڤۆ لە ئۆرشەلیم
ئاڵاکانی کۆسۆڤۆ و ئیسرائیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆسۆڤۆ لە ئۆرشەلیم

کۆسۆڤۆ بە فەرمی باڵیۆزخانەی خۆیی لە شاری ئۆرشەلیم کردەوە و ئەم هەنگاوەش وەک دانپێدانانێکە بەو شارە مشتومڕ لەسەرە کە پایتەختی ئیسرائیلە.

لەو مەڕاسیمەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، ئاڵای کۆسۆڤۆ لەبەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەدا هەڵکرا و لە دەروازەکەشیدا بە هەڵکۆڵین نوسراوە، کۆماری کۆسۆڤۆ بە زمانەکانی ئەلبانی و عیبری و هەروەها بە ئینگلیزیش.

لە بەرامبەردا کۆسۆڤۆ، وەک یەکەم وڵاتێک کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن و داندەنێت بەوەی شاری ئۆرشەلیم کە عەرەبەکان پێی دەڵێن قودس، پایتەختی ئیسرائیلە، تەلئەڤیڤیش داندەنێت بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ لە سیربیا.

ئەم بڕیارەی بریشتینا، نەک هەر لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایی بووەوە، بەڵکو لە ناو یەکێتی ئەوروپاشدا ڕەخنە لە کۆسۆڤۆ گیراوە.

دۆسێی ئۆرشەلیم، یەکێکە لە دۆسێ هەرە ئاڵۆزەکان لە قەیرانی نێوەان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا.

دەسەڵاتدارانی فەلەستینی بەردەوام باسی دەکەن کە "ئیسرائیلییەکان لە ساڵی 1967دا بە شێوەیەکی نایاسایی ڕۆژهەڵاتی قودس، پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینیان داگیر کردووە."

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، خواستی کۆسۆڤۆ و ئیسرائیلی دەربڕی بۆ هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا و ئەم ڕاگەیاندنەش هاوکاتی کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی بوو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان کۆسۆڤۆ و سیربیادا.

لە مانگی 2ی ڕابردوودا کۆسۆڤۆ و ئیسرائیل دەستیان کرد بە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئەمەش ناڕەزایی بەلگرادی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە هێشتا داننانێت بەو هەرێمەی پێشوویدا.

تا ئێستا چین و ڕوسیا و هەروەها 5 وڵاتی یەکێتی ئەوروپاش دانیان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا نەناوە.

قەیرانی سیربیا کۆسۆڤۆ بە یەکێک لە قەیرانە ئاڵۆزەکانی ئەوروپا دادەنرێت.

لەوەتای کۆسۆڤۆ لە سیربیا جیابۆتەوە هاوکاتی شەڕە خوێناویەکانی1998 – 1999 کە بە بۆردومانکردنی ئامانج و نیشانەکانی سیربیا کۆتایی پێهات لەلایەن هاوپەیمانێتی ناتۆوە، سیربیا دانینەناوە بە کۆسۆڤۆدا.

لەو شەڕەدا زیاتر لە 13 هەزار کەس کوژران و زۆربەشیان ئەلبانیاییە کۆسۆڤییەکان بوون.

زیاتر لە 10 ساڵە هەردوولا، بەردەوام لە وتووێژکردندان بە سەرپەرشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بەڵام تا ئێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG